هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا
کاتیۆشایەک لە نزیک باڵیۆزخانە بەر زەوی کەتووە

K24 – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19/12/2021، جارێکی دیکە بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەی سەوزی بەغدا بە دوو کاتیۆشا کرایە ئامانج کاتیۆشاکان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کران، یەکێک لە کاتیۆشاکان لەلایەن سیستمی بەرگری لە ئاسمانەوە تەقێندرایەوە، ئەوەی دیکەشیان بە دووری پێنج سەد مەتر لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە دوو ئۆتۆمبێل گەیاندووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بۆ ئاشکرا کردنی ئەو شوێنەی کە کاتیۆشاکانی لێ ئاراستە کراون.
تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە تەواوی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە.