داوا ده‌كرێت "قاوه‌ی كوردیی" جێی "قاوه‌ قه‌زوان" بگرێته‌وه‌

كه‌مالییه‌كان له‌ دژی كورد ناوه‌كه‌یان گۆڕیوه‌

K24 – هه‌ولێر:

دكتۆر كاروان سه‌باح هه‌ورامی له‌ رێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك داوا ده‌كات لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ناوی راسته‌قینه‌ی قاوه‌ی قه‌زوان جێگیر بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و جۆره‌ قاوه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ قاوه‌ی كوردیی به‌ناوبانگ بووه‌ و له‌ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا ساغ كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین روونیكردووه‌ته‌وه‌، به‌ هۆكاری سیاسه‌تی پان توركیزم و سڕینه‌وه‌ی مۆركی كوردیی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی مسته‌فا كه‌مال پاشا، ناوی قاوه‌ی كوردیی گۆڕدراوه‌ بۆ قاوه‌ی قه‌زوان، به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی به‌ ره‌هه‌ندی مێژوویی و سیاسی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ بزانرێت، ناوترێت قاوه‌ی كوردیی و ده‌وترێت قاوه‌ی قه‌زوان.

وێنەی ئەو قاوە کوردییەیە کە دوو سەدە پێش ئێستا کۆمپانیا فەرەنسیەکە لە ئەوروپا دابەشیکردووە، وێنەکەش جەنگاوەرێکی کوردە و لە یەکێک لە رۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەکانیان وەرگرتووە.
وێنەی ئەو قاوە کوردییەیە کە دوو سەدە پێش ئێستا کۆمپانیا فەرەنسیەکە لە ئەوروپا دابەشیکردووە، وێنەکەش جەنگاوەرێکی کوردە و لە یەکێک لە رۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەکانیان وەرگرتووە.

دكتۆر كاروان له‌ پۆسته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "دەوترێت قاوەی کوردی مێژووەکەی بۆ 1635 دەگەڕێتەوە، کە لە قەزوانی چیاکانی کوردستان و شیر دروستکراوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "جیمس برانت لە گەشتنامەکەی خۆیدا بۆ ناوچە ئەرمەنی و کوردییەکان 1835-1852، نووسیویه‌تی لە ناوچەی بەدلیس باوترین خواردنەوە قاوەبووە، لە جۆری قەزوان".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "لە 1830تا 1930ی قاوەی کوردی رەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا کراوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی (رەسیفی عەرەبی) کۆمپانیای MARCEL GODAROی فەرەنسی بازاڕکردنی قاوەی کوردی کردووە، تا ئەو کاتەی کەمالییەکان بە زۆر و گوشاری سیاسی ناوی قاوەکەیان بۆ قاوەی تورکی گۆڕیوه‌".

له‌ كۆتایی سه‌رنجه‌كه‌یدا، دكتۆر كاروان ره‌خنه‌ی له‌ كوێركردنه‌وه‌ی ناوی قاوه‌ی كوردیی گرتووه‌ و نووسیویه‌تی: "ئێستا دوای نزیکەی چوار سەد ساڵ، لە هەولێری پایتەخت، لە بەردەمی مندا مێنۆیەکی کافێیەک هەیە لە جیاتی قاوەی کوردیی نوسراوە، قاوە قەزوان.. هەقە وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنی پەیوەندار وەکو کۆمەڵەی چێشتخانە و حواردنگەکانی کوردستان،چینی نوخبە و خاوەنکار ناوە ئەسڵیەکە بگێڕنەوە بۆ ئەو بەرهەمە و ناوی قاوە قەزوان بکرێتەوە قاوەی کوردی".

پێشتریش ژماره‌یه‌ك به‌كارهێنه‌ری تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌دواداچوونیان بۆ قاوه‌ی كوردیی كردووه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا پێی ده‌وترێت قاوه‌ی قه‌زوان، له‌ بنه‌ڕه‌تدا قاوه‌ی كوردیی بووه‌ و شۆڤینییه‌كانی تورك له‌ دوای درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی توركیا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌یان داوه‌.

 

Fly Erbil Advertisment