دۆخی بەغدا دەشێوێت

لایەنگرانی حەشد هەوڵدەدەن بەربەستەکانی ناوچەی سەوز بشکێنن

گردبوونەوەی لایەنگرانی حەشد
گردبوونەوەی لایەنگرانی حەشد

K24 – هەولێر

لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم ناوچەی سەوز کۆبوونەتەوە و هەوڵدەدەن بەربەست بشکێنن بۆ ئەوەی هەڵکوتنە سەر باڵەخانەی دادگای فیدراڵی.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "بڕیارە پاش کەمێکی دیکە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ تاوتوێکردنی تانەکانی هادی عامری کۆببێتەوە، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کردووە، زانیاری ئەوە دزەیی کردووە کە تانەکان رەتدەکرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکرێت، ئەم هەواڵە شەقامی شیعەی عێراقی توڕە کرد، کە بەشێکیان دان بە ئەنجامی هەڵبژاردن دا نانێن".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "شەوی رابردوو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە نزیکەی 300 ئۆتۆمبێلی پڕ ئەندام و لایەنگریان هێناوەتە دەروازەکانی بەغدا و دەیانەوێت بیان هێنە ناو بەغدا، هاوکات لەناو بەغداش شەقامەکانیان شڵەژاندووە و چەند رێگایەکی سەرەکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان داخراون".

گوتیشی: "پشتێنەی ئەمنی بۆ لە دەوری باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی دروستکراوە. چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کە نازانرێ سەر بە چ لایەنێکن لە هەندێک ناوچەی بەغدا جێگیر کراون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لایەنگرانی حەشد و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە بەردەم ناوچەی سەوز کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت فشاری زیاتر بخەنە سەر دادگای فیدراڵی، بۆ ئەوەی هەم ئەنجامەکان پەسند نەکات و هەمیش تانەکانی هادی عامری رەتنەکاتەوە".

گردبوونەوەی لایەنگرانی حەشد
گردبوونەوەی لایەنگرانی حەشد

 

Fly Erbil Advertisment