60 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز رزگارکران
"لەنێو کۆچبەرەکاندا 6 منداڵ هەن"

K24- ههولێر:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 27ـی کانوونی یەکەم / دیسێمبهرى 2021، 60 کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز رزگاركران و هێنرانە شاری دۆڤەر.
بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی "دەیلی مەیڵ"، کاتژمێر 3.30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پاش رزگاربوونی 60 کۆچبەر، لە نێویاندا 6 منداڵ هەن، لە گەشتێکی مەترسیداری دەریایی، كه لەلایەن قاچاخچییهكانهوه رێبەری کرابوون، هێنرانە شاری دۆڤەر لە بەریتانیا، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراون.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ئهمساڵ، 1734 کۆچبەر بە 57 بەلەم گەشتیان کردووە.
رزگاربوونی ئەم کۆچبەرانە لە کاتێکدایە، دوێنێ تەرمی 16 کۆچبەر لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو کۆچبەرانە مانگی رابردوو بەهۆی تێکشکانی یەختێک لە کەناڵی ئاوی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکان.
دوای رووداوەکە لەسەر ئەرک و راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی حکومەتی ههرێمی كوردستان لە فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا، هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ گرتنەبەری رێكکارەکانی هێنانەوەی تەرمەکان.
H.H