یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانێتی عه‌زم به‌ڕێوه‌ده‌چێت
له پێكهاته‌ی سوننه‌یه و به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاری ده‌رچووی ئه‌م خوله‌یه

K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار رایگه‌یاند، یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانێتی عه‌زم كه له‌لایه‌ن خه‌میس خه‌نجه‌ره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه راشیگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دادگای باڵای فیدراڵ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌سه‌ندكردن، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی، په‌رله‌مانتاری شاری به‌غدای هاوپه‌یمانی عه‌زمی سوننی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م دانیشتنی خولی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات، كه بڕیاره له 10ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2022 به‌ڕێوه‌بچێت".
گوتیشی: "مه‌شهه‌دانی به ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاری ده‌رچووی ئه‌م خوله‌یه و به‌گوێره‌ی یاسا ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان بكات".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ دادگای باڵای فیدراڵ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی په‌سه‌ند كرد.
دوای راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی دادگای فیدراڵیش، هه‌ریه‌ك له هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح و موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در پابه‌ندبوونی خۆیان به بڕیاری دادگا راگه‌یاند.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عامری گوتی: وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕێكی قووڵ و بۆچوونێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌وه‌دا هه‌یه، كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جێگه‌ی گومانێكی زۆری ساخته‌كاری و ده‌ستكاریكردن بووه و ئه‌و تانانه‌ی پێشكه‌ش به دادگای فیدراڵییان كردوون، باوه‌ڕپێكراو و لۆژیكی و په‌سه‌ندكراو بوون و به‌شی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێ هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌وان پابه‌ندی بڕیاری دادگان.
هه‌رچی موقته‌دا سه‌دریشه، كه كوتله‌كه‌ی به براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت، ستایشی په‌سندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی له لایه‌ن دادگای باڵای ئیتیحادییه‌وه كرد و داوایكرد، پارێزگاری له ئاشتی و سه‌قامگیری نیشتمان بكرێت و راشیگه‌یاند، په‌له ده‌كات له پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی.
H.B