سوپای عێراق: لە ساڵی رابردوودا 20 تیرۆریست کوژراون
"له ساڵی 2021دا 345 تیرۆریستی داواكراو دهستگیركراون و 442 حەشارگەی داعش خاپوور کراون"

K24 - ههولێر:
سوپای عێراق رایگەیاند، له ساڵی رابردوودا 20 تیرۆریست لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە کوژراون و 345 تیرۆریستی دیکەش بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون، دەستگیرکراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە كرد، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە ساڵی رابردوو زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، زیقار، بەسرە، کەربەلا، نەجەف، سەڵاحەددین، کەرکووک و قەزاکانی سامەڕا و شنگال بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کەسانی دەرچوو لە یاسا ئەنجامداوە.
بەپێی رایگەیەندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، 20 تیرۆریست کوژراون و 345 تیرۆریستی دیکەش، کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون، دەستگیرکراون.
باس لەوهش کراوە، لە ھەر لە میانهی ئۆپەراسیۆنەکاندا، 3 ھەزار و 9 کەسی داواکراو لەگەڵ 490 کەس کە لە روودانی شەڕ و پێکدادانەکانی خێڵەکی تۆمەتباربوون، دەستگیرکراون.
به گوێرهی راگەیەندراوەکە، 442 حەشارگەی داعش خاپوور کراون، ھەروەھا دەستیش بەسەر 21 پشتێنەی بۆمبڕێژکراو، ھەزار و 170 بۆمبی چێنراو، ھەزار و 599 پارچە چەکی بێ مۆڵەت، 532 گوللـە ھاوەن، 395 گوللـە تۆپ، 769 گوللـەی ئار بی جی و 76 سەکۆی ئاراستەکردنی مووشەکدا گیراون.