پارێزگای هه‌ولێر نۆ بڕیاری نوێی ده‌ركرد
"ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن"
K24 – هه‌ولێر:
ژوورى ئۆپراسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، بۆجێبەجێکردنى بڕیارەکانى لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە.
پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا رایگه‌یاند، ئەمشەو به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی لیژنه‌ی باڵا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووه‌وه و گەیشتنە ئەم بڕیارانە:
یه‌كه‌م/ ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم رێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
دووەم/ ئەنجامدانى پشکنینى کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەى لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینى خێراى کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و مەرزى حاجى ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.
سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.
چواره‌م/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەى لەشارەکانى دیكه‌ی خوار و ناوەڕاستى عێراقەوە سەردانى هەولێر پایتەخت دەکەن، پشکنینى کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەى 72 کاتژمێرى تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانى گەشتیارى بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستى رەشەوە.
پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانى فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، کارمەندانى کەرتى تایبەت (بازرگانی، ریستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه، یانەى شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و رێككاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێ بكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچارى رێکكارى یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.
شەشەم/ بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێر راسپێردرا را و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزاره‌تی ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێى لەبارەوە دەربچێت.
حەوتەم/ ئەگەرچى لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جددین، بەتایبەتى مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمیکرۆن) خێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتى گشتیى و پاراستنى خۆتان و ئازیزانتان پابەندنى تەواوى ڕێنمایی و رێکكارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتى بەستنى (ماسک).
هەشتەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێككارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن.
نۆیەم/ ئه‌م رێككارانه له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ى 1ی 2022 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر
2022.1.4