جومعە عناد: هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا بابەتێکی سیاسییە

وەزیری بەرگری عێراق: پەیوەندییان بە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی بیانی نییە

جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق - ئەرشیف
جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری عێراق هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە بابەتی سیاسی ناودەبات.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند "هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، پەیوەندییان بە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی بیانی نییە و بابەتەکە سیاسییە".

وەزیری بەرگری عێراق، گوتیشی "ئەو بنکانە لەژێر سەرپەرشتی سوپای عێراقدان و تەنیا ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیی هاوپەیمانانیانی تێدایە".

جومعە عناد، جەختی لەسەر پێویستی سوپای عێراق، بە راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان کردەوە.

ئەم گوتانەی وەزیری بەرگری عێراق لە کاتێکدا لەم ماوەی سێ رۆژدا سێ جار لە عێراق هێرش کراوەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی راوێژکارەکانی ئەمەریکای لێیە، دوو جار بۆ سەر بنکەی سەربازیی فیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و جارێکیش بۆ سەر بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د، له‌ پارێزگای ئه‌نبار.

Fly Erbil Advertisment