هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: هێرشی مووشه‌كی میلیشیا شیعه‌كان بووه‌ته مه‌ترسی بۆ سه‌ر راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانمان
ئێران پشتیوانیان لێده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشانه‌ی گرووپه چه‌كدارییه شیعه‌كان، كه ئێران پشتیوانیان لێده‌كات، بۆ سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی هێزه‌كانمانی تێدایه له عێراق و سووریا بوونه‌ته "مه‌ترسی" له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كاره‌كان.
له به‌یاننامه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا، هاتووه: سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێرشێكی مووشه‌كی به هه‌شت مووشه‌ك كرایه سه‌ر گوندی خه‌زرا، كه بنكه‌یه‌كی سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ژماره‌یه‌كی كه‌می راوێژكاره‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یه له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا و هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وته‌وه.
هه‌روه‌ها هاتووه: ژماره‌یه‌ك له مووشه‌كه‌كان له ناو بنكه‌كه كه‌وتنه خواره‌وه و كه‌مێك زیانیان گه‌یاندووه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات وه‌ڵامی خێرای ئه‌و هێرشه‌یان داوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌واڵگری شه‌ش تۆپی دوورهاوێژیان به ئاراسته‌ی ئه‌و خاڵه ته‌قاندووه، كه مووشه‌كه‌كانی لێوه ئاراسته كرابوون و شوێنه‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی مه‌یادین له سووریا.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: لایه‌نی پیس، كه ئێران پشتیوانیان ده‌كات مووشه‌ك ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه ده‌كه‌ن، گوێ به ژێرخانی مه‌ده‌نیانه و پاراستنی گیانی مه‌ده‌نییه‌كان ناده‌ن.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، به‌ر له چه‌ند كاتژمێرێك له هێرشه‌كه، هاوپه‌یمانی تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه، هه‌ندێك شوێن ناڕاسته‌وخۆ بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر گوندی خه‌زرا، له سۆنگه‌ی به‌رگری له خۆكردنه‌وه، هه‌ندێك گورزیان له‌و شوێنانه وه‌شاندووه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان.
له‌و باره‌یه‌وه جۆن برینان، فه‌رمانده‌ی هێزی هاوبه‌شی هاوپه‌یمانییه‌كه رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشانه ورد نین و زیاتر هه‌ڕه‌مه‌كین و ناڕاسته‌وخۆ بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی مه‌ده‌نییه بێ تاوانه‌كان، چونكه مووشه‌كه‌كان توانایان نییه ئامانجه‌كانیان بپێكن.
گوتیشی: هاوپه‌یمانی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رگری له خۆی و هاوبه‌شه‌كانی بكات و رووبه‌ڕووی هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ببێته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، هاوپه‌یمانییه‌كه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی دژ به هێزه‌كانی له عێراق و سووریا هه‌ن، وایان ده‌بینێت، كه له لایه‌ن ئه‌و گرووپه میلیشیایانهوهن ئێران پشتیوانیان ده‌كات.