به‌غدا..هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی ئه‌ندامێكی حه‌شدی شه‌عبی كوژران

"چه‌كداره‌كان نه‌ناسراون"

دیمه‌نێكی به‌غدا
دیمه‌نێكی به‌غدا

K24 - هەولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی ئاشكرای ده‌كات، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ‌6ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی كارمه‌ندێكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غدا كوژران.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ راشیگه‌یاند،  ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو له‌ گه‌ڕه‌كی (ئیعلام) له‌ به‌غدا هه‌ڵیانكووتایه‌ سه‌ر ماڵی كارمه‌ندێكی ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، خۆی و ماڵ و مناڵه‌كه‌ی گولـله‌باران كران.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ باسی له‌وه‌ش كرد، به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ سه‌ختی برینداربووه‌ و هاوسه‌ر و سێ منداڵه‌كه‌شی كوژران.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه له‌باره‌ی‌ ناسنامه‌ی ئه‌و خێزانه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هاوسه‌ر‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ دایكبووی 1989 و منداڵه‌كانیشی له‌ دایكبووی (2007، 2014 و 2013) بوون.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر  20 كه‌سی دیكه‌ش له‌ ناو یه‌ك خێزاندا له‌ ناوچه‌ی جبه‌له‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای بابل له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌ قه‌تڵ و عام كران، بووه‌ هۆی توڕه‌بوونی شه‌قامی عێراقی، ئه‌مه‌ی به‌غدا دووه‌م حاڵه‌تی له‌مشێوه‌یه‌.

Fly Erbil Advertisment