راگه‌یه‌ندراوێك له دامه‌زراوه‌ی كوردستان24ـه‌وه
له باره‌ی په‌لاماری سایبه‌ری بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كه

K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه و راگه‌یاندن، ئاشكرایكرد، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه وێبسایت و پلاتفۆرمه‌كانی دامه‌زراوه‌كه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رووبه‌ڕووی په‌لاماری سایبه‌ری بوونه‌ته‌وه و ئه‌و په‌لاماره له كاری گرووپی رێكخراو ده‌چێت و ئامانج لێی كپكردنی ده‌نگی په‌یامی كوردستانییانه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌و فشار و په‌لاماره ئه‌لیكترۆنیانه، هه‌وڵی زۆر له‌وه بچووكترن ببنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌مماندا و به‌رده‌وام ده‌بین له پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری میدیایی بۆ وه‌رگرانی ئازیزمان له هه‌ر كوێیه‌كی جیهان بن".
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه
راگه‌یه‌ندراوێك له دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 ـه‌وه بۆ رای گشتی
وه‌رگرانی ئازیزی په‌یامه میدیاییه‌كانی كوردستان24
به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به هه‌موو پلاتفۆرمه جیاوازه‌كانه‌وه:
دڵسۆزانی په‌یامی كوردستانیانه:
دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 كه‌وتووه‌ته بەر په‌لاماری ئه‌لیكترۆنی و هه‌وڵێكی چڕ خراوەتەگەڕ بۆ رێگرتن له گه‌یشتنی په‌یامه‌كانی دامه‌زراوه‌كه به وه‌رگرانی، بەڵام هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه سوورین له‌سه‌ر پابه‌ندییه نیشتمانیی و پیشه‌ییه‌كانمان و لە سەری به‌رده‌وام ده‌بین.
به‌ڕێزان..
كوردستان24 لە سەرەتای دامه‌زراندنییه‌وه به هۆی ستراتیژی نیشتمانیانه‌ی كاركردنی و مۆركی كوردستانیانه‌ی په‌یامه‌كانی به به‌رده‌وامی رووبه‌ڕووی فشار و تیرۆری فیكری له ناوخۆ و ده‌ره‌وه بووه‌ته‌وه.
تیمی ته‌كنیكی و شاره‌زایانی بواری ئایتی دامه‌زراوه‌كه و تیمی راوێژكاره هاوبه‌شه تایبه‌تمه‌نده‌كانی بواری ئایتی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه، تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه، په‌لاماره ئه‌لیكترۆنییه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و وێبسایت و پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیالمیدیای کوردستان24 چڕتر بوونەتەوە. هه‌روه‌ها تێبینی ئه‌وه‌شكراوه، ئه‌و په‌لامارانه رێكخراون و له هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی ده‌رچوونه و مۆركی كاری ده‌زگا و تاقمی رێكخراوی هاككه‌رانییان وه‌رگرتووه کە سەرچاوەی هێرشەکان عێراق و وڵاتانی دەوروبەرە.
ئامانجی سه‌ره‌كیشیان سڕینه‌وه‌ی پلاتفۆرمه‌كانی كوردستان24 و درووستكردنی به‌ربه‌سته له به‌رده‌م گه‌یاندنی په‌یامه نیشتمانییه‌كانمان و كپكردنی ده‌نگی په‌یامی دامه‌زراوه‌كه‌یه.
وه‌رگرانی ئازیزی كوردستان24
دوای به‌دواداچوونی ورد، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 زانیاری له باره‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و په‌لاماره ئه‌لیكترۆنیانه كۆكردووه‌ته‌وه و له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، لایه‌نه تایبه‌تمه‌نده‌كانی لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی دوایین په‌لاماری ئه‌و تاقم و گرووپانه بووه هۆی له كۆنترۆڵ ده‌رچوونی رووپه‌ڕی وێبسایتی كوردستان24 و به‌و هۆیه‌وه بۆ ماوه‌ی چەند كاتژمێر وه‌رگرانمان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نه‌یانتوانی ده‌ستیان به خزمه‌تگوزارییه‌كانمان رابگات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه بەهۆی ئەو پارێزبەندییە سایبەریانەی، کە هەبووە نەتوانراوە زیان بە داتاسەنتەری سەرەکی بگات و ھەموو زانیارییەكان و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەكانمان بەردەوام بەردەست بوونە بۆ ھاونیشتمانیان و توانراوە هەموو ئەو هه‌وڵانە بێ ئاكام بكرێن و دووباره وه‌شانی وێبسایته‌كه بێ هیچ زیانێك ده‌ستپێبكاته‌وه.
هاووڵاتیانی ئازیز و به‌كارهێنه‌رانی به‌ڕێزی سۆشیال‌میدیا..
كوردستان24 له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندییه پیشه‌یی و ئیتیكی و نیشتمانییه‌كانی دامه‌زراوه و سووره له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان و له هێڵی پیشه‌یی و كوردستانییانه‌ی خۆی لانادات و ئه‌و فشار و په‌لاماره ئه‌لیكترۆنیانه، هه‌وڵی زۆر له‌وه بچووكترن ببنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌مماندا و به‌رده‌وام ده‌بین له پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری میدیایی بۆ وه‌رگرانی ئازیزمان له هه‌ر كوێیه‌كی جیهان بن.
لەمەودواش هاوشان لەگەڵ دۆمه‌ینەکانی دیکەمان، دەتوانن لە رێگەی دۆمەینی www.24.krd/ckb وێبسایتی كوردستان24 بکەنەوە و كاركردن بۆ بەکارخستنەوەی دۆمەینی kurdistan24.net بەردەوامە ، بەو هیوایەی بەم نزیکانە بکەوێتەوەکار.
بەڕێوەبەرایەتی دامه‌زراوه‌ی كوردستان24
هه‌ولێر،7ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022