دوو کەس بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە هاووڵاتیان دەستگیر کران

چەک و پارەی ساختە و درۆن و 17 مۆبایلی جۆراوجۆریان پێبووە

تاوانبارەکە هەڕەشەی لە هاووڵاتیان کردووە
تاوانبارەکە هەڕەشەی لە هاووڵاتیان کردووە

K24 - هەولێر:

ژن و پیاوێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەک دەستگیر کران.

دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە سنووری ناحەیەی شەمامک، دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلەکەی دەکرێت، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر سکاڵا تۆمار دەکات و دوای لێکۆڵینەوەی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دوو کەس دەستگیر دەکرێن.

موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچونێکی ورد و چڕ بۆ کەیسێکی دەستڕێژی گولـلە بۆ سەر هاوڵاتییەک کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە، دەرکەوت کەسێک لە ناحیەی شەمامک ئەو کارەی کردووە.

هۆگر عەزیز لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەوە گوتی: "لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، ژنێکیشی لەگەڵ بووە کە هەردووکیان چەکیان پێبووە و رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە، بەڵام  لە کۆتاییدا هەردووکیان دەستگیر کران".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا جگە لە چەکەکانیان کۆمەڵێک کەلوپەل و کەرەستەی قەدەغەکراویان پێگیراوە، لەوانە ماددەی هۆشبەری کریستاڵ و کەرەستەی بەکارهێنانەکەی،  100 دۆلارییەکی ساختە و ملیۆنێک و 300 هەزار دینار، درۆنێک و ئامێرێکی تۆمارکردنی دەنگ لەگەڵ 17 مۆبایلی جۆراوجۆر.

تاوانبارەکە و کەلوپەل و کەرەستە قەدەغەکراوەکان - فۆتۆ: محەمەد جوبرائیل
تاوانبارەکە و کەلوپەل و کەرەستە قەدەغەکراوەکان - فۆتۆ: محەمەد جوبرائیل

H.H

Fly Erbil Advertisment