دەستەی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمانی عێراق دیار دەکرێت
یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەم دەکات و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت.
بەگوێرەی ماددە 54ی دەستووری عێراق، دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی کۆمار، داوای سازدانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و تا هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و دوو جێگرەکەی، بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەکە دەکات. مەحموود مەشهەدانی، بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە لە هاوپەیمانێتی عەزم، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لە یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی ئەمڕۆ 9/1/2022، په‌رله‌مانتارانی هه‌ڵبژێردراو سوێندی یاسایی ده‌خۆن. دوای ده‌ستپێكردنی دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه ده‌كات، دوای سوێندخواردنی په‌رله‌مانتاران، ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێته‌وه.
چەند رۆژێکە لایەنەکان گفتوگۆکانیان بۆ رێککەوتن لەسەر یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و شێوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ چڕ کردووەتەوە، بەڵام تائێستا لایەنە شیعەکان بە دیاریکراوی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، موقتەدا سەردیش سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.
لایەنه براوەکانی سوننه له هاوپەیمانێتی تەقەدوم و عەزم خەمیس خەنجەریان وەك سەرۆکی هاوپەیمانەتییه نوێیەکه دیارکرد و محەمەد حەلبووسیشیان وەك تاكه کاندیدی هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان له دانیشتنی سبەی دەناسێندرێت.
سەبارەت بە لایەنە کوردستانییەکان، پارتی و یەکێتی چەند رۆژێکە شاندێکی هاوبەشیان پێکهێناوە و بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدان، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن کە بە کارنامەیەکی هاوبەش بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەو پۆستانەی بەر کوردیش دەکەون بە هەماهەنگی کاندیدیان بۆ دیار بکەن. پێشتر وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو "لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلا دەکرێتەوە و بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماریش هێشتا کات ماوە".
لە دوای ناڕەزایەتی ژمارەیەک لایەنی شیعە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، رۆژی 27/12/2021 دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد.