ڤیدیۆ.. کەوتنە خوارەوەی بەردێکی گەورە کارەساتی نایەوە
"بەهۆی رووداوەکەوە 3 ژن و 4 پیاو گیانیان لەدەستداوە"

K24 - هەولێر:
بەردێکی زەبەلاح لە ویلایەتی "Minas Gerais" لە بەڕازیل دەکەوێت بەسەر چەند بەلەمێکی گەشتیاریدا و لە ئەنجامدا، 7 کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە 30 کەسیش بریندار بوون.
گرتە ڤیدیۆی رووداوەکە کە لەلایەن سەرنشینی بەلەمێکی گەشتیاریەوە گیراوە، لە میدیاکانی بەڕازیل بڵاوکراوەتەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
پێدرۆ ئایهارا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستنی گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە 3 ژن و 4 پیاو گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 بریندار راستەوخۆ لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە و 9 کەسیش کە برینەکانیان سەخت بوون گەیەندراونەتە نەخۆشخانە".
بەلەمە گەشتیاریەکان لە دەربەندی "لاگۆ دی فورناس" سووڕاونەتەوە و وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پارچەیەک بەردی زەبەلاح بەسەر چوار بەلەمدا دەکەوێت و دوو لە بەلەمەکان نوقم دەبن.
H.H