سوپای عێراق لە بازگەی مەخموور رێگری لە کاسبکاران دەکات
کاسبکارانی مەخموور گردبوونەوە

K24 – هەولێر
لە بازگەی مەخموور، سوپای عێراق رێگری لە کاسبکاران دەکات کەلوپەل و خۆراک لە هەولێرەوە بگوازنەوە، بۆیە ئەمڕۆ کاسبکاران لە دەروازەی مەخموور گردبوونەوە و رێگاکەیان داخست.
یەکێک لە کاسبکارانی مەخموور کە بەشداری لە گردبوونەوەکە کردووە بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی 8 رۆژە لەو بازگەیە رێگە نادرێت خۆراک و کەلوپەل لە هەولێرەوە بهێنرێتە مەخموور، بۆیە داواکارین کۆتایی بەو رێگرییە بهێنرێت و رێگاکە بە رووی کاسبکاران دا بکرێتەوە".
گوتیشی: "پێمان دەڵێن تەنها دەبێ ئەو کەلوپەل و خۆراکانە بهێنن کە عێراقین، عێراقیش نییە کە نەبێ لە کوێ بێنین، داوا لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بێتە سەرخەت، چونکە ئەوەی دەکرێت کوشتنی خەڵک و تەعریب کردنی خەڵکە".
هاووڵاتییەکی دیکەی مەخموور لەناو گردبوونەوەکە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "ئەو بازگەیە وەک دیکتاتۆر مامەڵە لەگەڵ خەڵکی مەخموور دەکات، تائێستا جیاوازی لەنێوان نەتەوەی کورد و عەرەب دەکرێت".
شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی گردبوونەوەکە رایگەیاند: "کاسبکاران رێگاکەیان داخستووە و لەناو شەقامەکە ئاگریان کردووەتەوە، داوا دەکەن حکومەتی عێراق ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و چیتر رێگری لە کاسبکارانی کورد نەکرێت".