"بە تۆمەتی لادان لە دین هاوسەر و باوک و دوو برامیان کوشت"

بەڵگەی تاوانەکانی داعش کۆدەکرێنەوە

ئەنوار سوڵتان، یەکێکە لە قوربانیانی دەستی داعش
ئەنوار سوڵتان، یەکێکە لە قوربانیانی دەستی داعش

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان چەند تیمێکی پێکهێناوە تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی چەکدارانی داعش، و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە. زیاتر لە 70 هەزار تاوان و دۆکۆمێنت بە ئەلیکترۆنی کراوە.

ئەنوار سوڵتان، یەکێکە لە قوربانیانی دەستی داعش، چەکدارانی داعش هاوسەر و باوک و برا و کەسوکاری کوشتووە، ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی لە کەمپی حەسەن شام نیشتەجێیە. بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کاتەی داعش هات، ئێمە لە مووسڵ بووین، سەرەتا باوک و هەردوو براکەمیان کوشت، داعش هەروەها خاڵمی رفاند و دواتر کوشتیان، لە کۆتایشدا هاوسەرەکەمیان رفاند و کوشتیان، چەند جار داوای هاوکاریم لە چەکدارەکان دەکرد، هاوکاریان نەدەکردم، دەیانگوت مێردەکەت لایداوە لە دین و کافر بووە، بۆیە کوشتومانە، زۆرمان ئێش و ئازار بەدەستی داعش بینیووە، داعش هەموو ناسنامە و بەڵگەنامەکانی سوتاندووە، ناسنامەی هاوسەرەکشمیان سوتاند، ناشتوانم بگەڕێمەوە مووسڵ، چونکە هیچ شوێنێکمان نەماوە لێی بژین و مووچەشم نییە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند تیمێکی دامەزراندووە، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە، لیژنەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکیۆمنتکردن و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، زیاتر لە 73 هەزار تاوان و بەڵگە و بە ئەلیکترۆنی کراوە.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "گرنگترین ئەو دۆسێیانەی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر دەکەین، پڕۆسەی ئەرشیف کردنی داتا هەروەها ئەو دۆکیۆمێنتانەی کە بە دەستی ئێمە کەوتووە لە شەڕی دژی داعش، هەموو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان لە سەنتەرێک کۆدەکرێنەوە، دەبێ پڕۆسەکە ئەلیکترۆنی بێت و هەرچی بەڵگەی لە دژی داعش هەیە لە هەرێمی کوردستان لەو پڕۆگرامە جێی بکرێتەوە".

تا ئێستاش كاریگەرییەكانی پەلامار و تاوانەكانی چەكدارانی داعش بە روونی بەسەر ئاوارە و ناوچە زیانلێكەوتوەكانەوە دیارە. ھەموو ئەو كەسانەی لە كەمپی حەسەن شام دەژین خاوەن چیرۆك و رووداوێكی دڵتەزێنن كە لە كاتی پەلاماری داعش رووبەڕووی بوونەوتەوە، حكومەتی عێراقیش یارمەتی نەداون و نەیانتوانیووە بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.