حكومه‌تی هه‌رێم: ئه‌وانه‌ی پێوه‌ری ئاو و كاره‌با لێده‌كه‌نه‌وه رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه
ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراوه بۆ شكستپێهێنانی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له لێدوانی بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، لێكردنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كانی ئاو و كاره‌با سه‌رپێچی یاساییه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه بانگه‌شه بۆ لێكردنه‌وه‌ی پێوه‌ره‌كانی ئاو و كاره‌بای ماڵان ده‌كرێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی بره‌و به‌و كارانه ده‌ده‌ن، له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هاووڵاتیان هانده‌ده‌ن سه‌رپێچی بكه‌ن و ئه‌و پێوه‌رانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ رێكخستنی ئاو و كاره‌بای ماڵان دایناون به پاساوی زۆری خوێندنه‌وه‌ی پاره لێیان بكه‌نه‌وه.

پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با، به گوته‌ی جوتیار عادل، بۆ %80ی هاوبه‌شانی كاره‌با دانراوه و پرۆسه‌ی دانانیشی به‌رده‌وامه و به‌و هۆیه‌وه رێگه له سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆیی سه‌ر كاره‌با گیراوه.
ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، گوته‌بێژی حكومه‌ت قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و له وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووساندا ره‌خنه‌ی له‌و ره‌فتاره‌ی هه‌ندێك كه‌س گرت.
جوتیار عادل گوتی: ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراوه بۆ شكستپێهێنانی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌یكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانه و ئه‌ركمانه خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان له خۆمان رازی بكه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره كارانه ده‌كه‌ین و ئه‌نجامده‌رانیان رووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌كه‌ینه‌وه و ئه‌و كارانه تێكدهرانهن.