تووشبوونی منداڵی ساوا به‌ كۆرۆنا زیادی كردووه‌

رێژەی هێنانی منداڵانی ساوای خوار تەمەن یەک ساڵ بۆ نەخۆشخانەکان بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەی 42% بەرزبووەتەوە
چاره‌سه‌ركردنی منداڵێكی ساوا
چاره‌سه‌ركردنی منداڵێكی ساوا

K24 - هه‌ولێر:

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کرد، کە ژمارەی ئەو ساوایانە بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ هێندراونەتە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت.

توێژینەوەکە لەلایەن گروپی راوێژکاری زانستی فریاکەوتن (SAGE) دەرکراوە، کە دەستەیەکی راوێژکاریی حکوومییە لە بەریتانیا و لە کاتی دۆخی لەناکاودا راوێژی زانستی پێشکەش بە حکومەت دەکات.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، لەوەتەی بڵاوبوونەوەی خێرای جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە بۆ ناوەڕاستی کانوونی دووەم، رێژەی هێنانی منداڵانی ساوای خوار تەمەن یەک ساڵ بۆ نەخۆشخانەکان بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەی لە سەدا 30 بۆ لە سەدا 42 بەرزبووەتەوە.

هەروەها توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە باڵانسی دیمۆگرافی لە رێژەی تووشبووانی منداڵانی ساوا بە کۆرونا نییە، بەجۆرێک ئەو منداڵانەی لە هەژارترین ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا دەژین زۆرترین کاریگەریی ڤایرۆسەکەیان لەسەر بووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە بەر لە دەرکەوتنی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای، گۆڕاوەکانی دیکەی ڤایرۆسەکە، وەک دەلتا بە رێژەی لە سەدا 30 کاریگەریی هەبوو لەسەر هێنانی منداڵانی ساوا بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام ئۆمیکرۆن زیاتر توانای گواستنەوەی هەیە، بەهۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر قورگە نەک سییەکان، هەروەها کردنەوەی دایەنگا و قوتابخانەکان لە سەرانسەری ئه‌و وڵاته‌ رێگەی بۆ خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە نێوان ساواکاندا کردەوە.

بە پێی توێژینەوەکە، ئەو نیشانانەی لەسەر منداڵانی ساوا دەرکەوتوون، زۆر توند نەبوونە، بەجۆرێک زۆربەیان تووشی کۆکەی سووک و تایەکی کەم بوون.

توێژینەوەکە ئەوەیشی تۆمارکردووە، کە ژمارەی منداڵە ساواکان (خوارووی تەمەن یەک ساڵ) کە پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەبووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیووە، بەجۆرێک لەماوەی نێوان 14 کانوونی یەکەمی رابردوو بۆ 6ی کانوونی دووەم، رێژەکە لە سەدا 12.7 بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو رێژەیە لە ساڵی رابردوودا 20.6 بووە.

هەر لە هەمان توێژینەوەدا، پشتڕاستی توێژینەوەیەکی پێشووی کۆلێژی زانکۆیی لەندەن کراوە، کە هۆکاری بەرزبوونەوەی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە نێو منداڵانی ساوادا گەڕێندڕاوەتەوە بۆ گەشتکردن لەگەڵ خێزانەکانیان لە رێگەی فڕۆکەوە.

لە بەریتانیا ژمارەی پێوانەیی تووشبوونی رۆژانە لە ماوەی سەری ساڵی نوێ و کریسمیس تۆمارکرا، لە هەندێک رۆژدا زیاتر لە 200 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەکرا، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

بەپێی داتاکانی "worldometer"، تاوەکو رۆژی هەینی لە بەریتانیا زیاتر لە 15 ملیۆن و 66 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایڕۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 151 هەزار و 621 کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.