هاتوچۆی سلێمانی: پابەندی ئەم رێنماییانە بن

چەند رێنمایییەکی زۆر گرنگ تایبەت بە کەشی تەماوی

شۆفێریکردن لە کەشی تەماویدا
شۆفێریکردن لە کەشی تەماویدا

K24 - هەولێر:

بەهۆی گۆڕانی پلەکانی گەرماوە، تەمێکی زۆر لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە و رێپێدراوی هاتوچۆی سلێمانیش چەند رێنماییەکی تایبەت بە شۆفێریکردن لەکاتی تەمدا بڵاوکردەوە.

هێمن سالار، رێپێدراوی هاتوچۆ لەبارەی شۆفێریکردن لەکاتی بوونی تەمدا چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە، ئەوانیش:

- خێراییەکەت کەم بکەرەوە، لێخوڕین بە هەمان خێرایی کەش و هەوای ئاسایی لە کەشی تەم دا مەترسییەکی گەورەیە، دڵنیابە لەوەی کە خێراییەکەت کەم بکەیتەوە چونکە کاتی زیاترت دەبێت بۆ وەستان یان هەرحاڵەتێکی تری لە ناکاو.

- ئەگەر رێژەی بینین گەشتە رێژەیەکی زۆر کەم بە هۆی زۆری تەمەوە، ئەوا شوێنێکی باش و سەلامەت بدۆزەرەوە و ئوتومبێلەکەت بە زووترین کات پارک بکە بەمەرجێک لەسەر هێڵەکانی شەقامەکە نەبیت، پاشان چاوەڕێ بکە تا بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

- هەمیشە لەکاتی تەمدا لایتە نزمەکانت دابگیرسێنە، دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی لایتی بەرز (فول لایت) لەکاتی بوونی تەم، چونکە بەهۆی بوونی دەنکۆڵەی ووردی ئاو لە کەشی تەمدا وا دەکات رووناکییەکە بڵاوببێتەوە و کاردانەوە دروست بکات، بۆیە لە حاڵەتێکدا زانیت لایتە بەرزەکان سوودیان نییە ئەوە لایتە نزمەکان دابگیرسێنە یان لایتی تەم (بلاجکتۆر) بۆئەوەی لەلایەن شۆفێرانی تری سەرشەقامەکە ببینرێیت.

- بەباشی هۆشت لەسەر شەقامەکە بێت، شۆفێری کردن لە کاتی تەم دا کارێکی گرانە و ناکرێت چەند کارێک بەیەکەوە بکەیت، بۆیە باشتر وایە ئەم رێکارانە بگریتە بەر، رادیۆکەت بکوژێنەرەوە، قسە لەگەڵ سەرنشینەکانی تر مەکە بۆئەوەی تەواو هۆشت لەسەر شەقامەکە بێت، جامی ئوتومبیلەکەت بکەرەوە بۆ ئەوەی گوێت لە ئۆتۆمبێلەکانی دەرەوە بێت.

- داگیرساندنی گڵۆپی تەم زۆر گرنگە چوونکە گڵۆپی تەم وا دروستکراوە ماوەیەکی زۆرتر ببڕێت و وا دەکات لە دوورترەوە ببینرێیت.

Fly Erbil Advertisment