11 بەڕێوەبەرى نوێى شارەوانیەکان دەست بەکاربوون
"وەک یەک تیم و گرووپ کارەکانتان لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکەن"

K24 – هەولێر
11 بەڕێوەبەری نوێی شارەوانییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستبەکاربوون.
پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: "لەچوارچێوەى گۆڕانکارییەکان بە مەبەستى گەیاندن و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى و باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارى هاووڵاتییان، 11 بەڕێوەبەرى نوێى شارەوانییەکان دەست بەکاربوون، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/1/20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵیان وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى دەستبەکاربوونیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و چەند رێنمایی و رێنوێنیەکى پێشکەشکردن".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیی شارەوانییەکان و یاریدەرى پارێزگار ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەولەویەتى کارى ئێوە لە دامودەزگایەکى خزمەتگوزارى بەشێوەیەکى گشتیى خزمەتکردنى هاووڵاتییانە بەیەکسانى، بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەدابن و لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى پێتان سپێردراوە هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ رێزگرتن لە هاووڵاتییان و رایککردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى رۆتین لەبەڕێوەبەرایەتیەکانتان".
بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو، بۆ سەرۆک شارەوانیە نوێیەکان رایگەیاندووە : "ئێوە بەشێکى گرنگن لەناو و ناوبانگى حکومەت، بۆیە دەبێت هەر یەکێک لە ئێوە بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر و وەک یەک تیم و گرووپ کارەکانتان لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکەن و ڕێگرى بکەن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و چاوپۆشى لەهیچ کەس و لایەنێک نەکەن کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى حکومەت و بەو پەڕى بەرپرسیاریەتى و شەفافیەت و پاکییەوە مامەڵە لەگەڵ کاروبارەکانتان بکەن، ئەوەى لەسەر ئێوە پێویستە ئەوەیە بەیەکسانى و بەو پەڕى ڕێزەوە لە ڕایکردنى مامەڵە و کاروبارەى هاووڵاتییان ئاسانکارییان پێشکەش بکەن و ڕۆتین کەمبکەنەوە. دووبارە هیواى سەرکەوتن بۆ هەموولایەکتان دەخوازین".