هه‌سه‌ده‌ زانیاری نوێ له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی داعش له‌ زیندانی گوێران ئاشكرا ده‌كات

20 چه‌كداری زیندانیكراوی داعش له‌ گرتووخانه‌ی گوێران رایانكرد

گرتوخانه‌ی گوێران له‌ حه‌سه‌كه‌
گرتوخانه‌ی گوێران له‌ حه‌سه‌كه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"، زانیاری نوێ له‌ باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی زیندانی گوێرانی ئاشكرا كرد، كه‌ گه‌وره‌ترین زیندانی تایبه‌ت به‌ چه‌كدارانی داعشه‌ له‌و سنووره‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "هێزه‌كانمان و ده‌زگا ئه‌منییه‌ تایبه‌ته‌كان رووبه‌ڕووی هه‌وڵێكی هه‌ڵاتنی چه‌كدارانی داعش بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ گرتووخانه‌ی گوێران له‌ حه‌سه‌كه‌ زیندانی كراون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ لایه‌ن شانه‌كانی رێكخراوی تیرۆرستیی داعش له‌ نزیك دامه‌زراوه‌ی "سادكۆب"ی تایبه‌ت به‌ كۆگاكردن و دابه‌شكردنی مادده‌ پترۆڵییه‌كانی نزیك له‌ زیندانه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، دوای ئه‌و رووداوه‌ش راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌ ناوخۆییه‌كان و چه‌كدارانی داعش روویدا، كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ دزه‌یان كردبووه‌ ئه‌و شوێنه‌".

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، رایگه‌یاند له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رووداوه‌دا 20 چه‌كداری زیندانیكراوی داعش، كه‌ له‌و گرتووخانه‌یه‌ زیندای كرابوون، توانییان رابكه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، به‌ر له‌ كاتژمێرێك كوردستان24 هه‌واڵی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئێوارەی ئەمڕۆ لە گرتووخانەیەکی تایبەت بە چەکدارانی داعش له نزیك زیندانی سیناعه، تەقینەوەیەك روویدا و دوای تەقینەوەکەش دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا.

زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ دابوو، كه‌ قینەوەکە له‌ڕێگه‌ی خۆکوژێكه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، کە نزیکبووەتە لە خاڵێکی چاودێریکردنی زیندانەکە و دواتر رووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سەر بە هەسەدە روویدا.

دوای تەقینەوەکە هێزیکی زۆر رەوانەی زیندانەکە کرا و نزیکەی 20 زیندانیش توانیویانە رابکەن. ئێستاش فرۆکەکانی هاوپەیمانان بەسەر ئاسمانی زیندانەکەدا دەسووڕێنەوە.

زیندانی سناعە 4 هەزار چەکدارای داعش لە 48 وڵاتی جیاوازە هەیە و گەورەترین زیندانی دەستگیرکراوانی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان.

H.B