هه‌سه‌ده كوژرانی 16 چه‌كداری داعشی راگه‌یاند
18 ئه‌ندامی هه‌سه‌ده له ئاكامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیندانه‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه
K24 – هه‌ولێر:
له ئاكامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) له سنووری پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان 16 چه‌كداری داعش كوژران.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش، شه‌وی رابردوو له رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كرده سه‌ر گرتووخانه‌ی تایبه‌ت به چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش له سنووری حه‌سه‌كه.
له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رامی عه‌بدولڕه‌حمان رایگه‌یاند، لانیكه‌م 16 چه‌كداری داعش، كه په‌لاماره‌كه‌یان ئه‌نجامدابوو، له ناو گرتووخانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه كوژراون.
گرتووخانه‌ی گویران، له حه‌سه‌كه، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌دایه و شه‌وی رابردوو رووبه‌ڕووی په‌لامارێكی داعش بوه‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كه كرابووه سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كانی پاسه‌وانی زیندانه‌كه، له ناوخۆدا چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی ناو گرتووخانه‌كه، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر به‌شێكی گرتووخانه‌كه‌دا و 18 ئه‌ندامی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و پاسه‌وانی گرتووخانه‌كه گیانیان له‌ده‌ستدا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24 له رۆژئاوای كوردستان، هێشتا ره‌وشی گرتووخانه‌كه به ته‌واوی كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌ته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌سه‌ده به‌رده‌وامن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆتاییهێنان به‌و ره‌وشه‌ی چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش له ناو گرتووخانه‌كه ده‌ستیانپێكردووه.
گرتووخانه‌ی غویران، له جیهاندا یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئه‌و گرتووخانانه‌ی تایبه‌ت كراوه به ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش و زیاتر له 3500 چه‌كداری ده‌ستگیركراوی داعشی تێدایه.
له سه‌روبه‌ندی پشێوییه‌كاندا، 5 چه‌كداری ده‌ستگیركراوی گرتووخانه‌كه رایانكردبوو، تا ئێستا توانراوه دووانیان ده‌ستگیر بكرێنه‌وه.
دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له ئارادان بۆ شكاندنی گرتووخانه‌كه و راكردنی گیراوه‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له سنووری نێوان عێراق و سووریا خراونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی هه‌واڵگری عێراقی، كه دزه‌ی پێكراوه و له میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه مه‌ترسیدارترین به‌رپرسه‌كانی داعش له‌و گرتووخانه‌یه‌دان و داعش هه‌وڵده‌دات ده‌ربازیان بكات و سنوور ببه‌زێنن و روو له عێراق بكه‌ن.
یه‌كێك له ستراتیژه جه‌نگییه‌كانی داعش له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه تا ئێستا شكاندنی زیندانه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كداره ده‌ستگیركراوانه بووه بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ.
له سه‌روبه‌ندی داگیركردنی مووسڵدا له (10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014)دا، یه‌كه‌م كاری داعش شكاندنی گرتووخانه‌ی ته‌سفیرات بوو له سنووری نه‌ینه‌وا، كه سه‌دان ده‌ستگیركراوی تێدا بوو.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس، روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ