زيندانى گوێران له‌نێوان داعش و هه‌سه‌ده.. لێدوانه‌كان له‌باره‌ی هێزی زاڵ دژیه‌كن
هه‌سه‌ده بانگه‌شه‌ی مانه‌وه‌ی كۆنترۆڵی گرتووخانه‌كه به‌ده‌ست هێزه‌كانیانه‌وه ده‌كات و روانگه‌ی سووریش جه‌خت له‌سه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه

K24- هه‌ولێر:
دوای تێپه‌ڕبوونی دوو رۆژ به‌سه‌ر هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی گوێران له پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان و به‌رده‌وامی گرژییه‌كان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه، لێدوانی دژیه‌ك له‌باره‌ی دۆخه‌كه له‌سه‌ر هێزی زاڵ بڵاوده‌كرێنه‌وه.
گرتووخانه‌ی گوێران كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، نزیكه‌ی 4 هه‌زار چه‌كداری داعش تێیدا زیندانیكرابوون و به گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌ی تایبه‌ت به زیندانیكردنی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت.
له‌كاتێكدا ئارام حه‌نا، گوته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" رایگه‌یاند، تا ئێستاش گرتووخانه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندایه، رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه گرتووخانه‌كه به‌ته‌واوی كه‌وتووه‌ته ده‌ست چه‌كدارانی داعش و هه‌سه‌ده هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه نه‌ماوه.
ئارام حه‌نا له لێدوانێكدا به سكای نیوزی راگه‌یاند، "پێشتر و ئێستاش گرتووخانه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندایه و له رێگه‌ی یه‌كینه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هێزه ئه‌منییه‌كان و به پشتیوانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شكستیان به هێرشه‌كه‌ی داعش هێناوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه هه‌رگیز رێگه به‌و تیرۆرستانه ناده‌ین بۆ ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه رابكه‌ن. هێزه‌كانمان شكستیان به هه‌وڵی راكردنی به‌كۆمه‌ڵی تیرۆرستان هێناوه و 89 تیرۆرستیشی دهستگیركردووهتهوه، كه هه‌وڵی راكردنیان داوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وانه‌ی رایانكردووه، سه‌ر به شانه نووستووه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كه بوون و ئه‌وانه بوون كه هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامدا، نه‌ك زیندانییه‌كان".
به گوته‌ی گوته‌بێژی هه‌سه‌ده، "هێزه‌كانیان توانیویانه له سه‌قامگیركردنه‌وه‌ی گرتووخانه‌كه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه سه‌ركه‌وتوو بن و پرۆسه‌ی سه‌ربازییان گواستووه‌ته‌وه میحوه‌ری باكوور و گه‌ڕه‌كی زهور له نزیك گرتووخانه‌كه، تا ئێستا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پچڕ پچڕ به‌رده‌وامه" و گوتی: "رێگه ناده‌ین هێرشبه‌ران له ده‌روازه‌كانی گرتووخانه‌كه نزیك بكه‌ونه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و ناوچه‌كانی نزیك گرتووخانه له گه‌ڕه‌كی زهور رایانكردووه و هاووڵاتییانی سڤیل وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كارده‌هێنن، بۆیه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه به ته‌واوی كۆنترۆڵی گشتیی دۆخه‌كه بكه‌ین".
ئارام حه‌نا روونیكرده‌وه، "هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له ئاسمانه‌وه پشتیوانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، وێڕای بوونی هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌ش و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كان له نێوانمان".
له به‌رامبه‌ردا رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافی مرۆڤ جه‌ختی له‌سه‌ر پێچه‌وانه‌ی گوته‌كانی گوته‌بێژی هه‌سه‌ده كرده‌وه و دووپاتیكرده‌وه، "گرتووخانه‌ی گوێران به‌ته‌واوی له‌ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعشدایه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێرشبه‌ران چه‌ندین كه‌سیان له‌ناو زیندانهكهش به‌دیل گرتوون".
هه‌روه‌ها گوتی: 150 ئه‌ندامی داعش له زیندانه‌كه رایانكردووه و تا ئێستا 130 كه‌سیان ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا 45 ئه‌ندامی داعش له گرژییه‌كاندا كوژراون.
هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری ئاماژه‌ی پێدا، چه‌كدارانی داعش ژماره‌یه‌ك كرێكاریان له‌ناو زیندانه‌كه به‌دیل گرتوون و تا ئێستاش نازانرێت ئاخۆ له ژیان ماون یانیش كوژراون.
جه‌ختیشیكرده‌وه، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای زیندانییه راكردووه‌كان به‌رده‌وامن و هێرشێكی ئاسمانیش كراوه‌ته سه‌ر یه‌كێك له باڵه‌خانه‌كانی نزیك له گرتووخانه‌كه، كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش خۆیان تێدا حه‌شاردابوو.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، داعش له به‌یاننامه‌یه‌كدا له تێلیگرام رایگه‌یاند، شه‌وی پێنجشه‌ممه چه‌كداره‌كانیان هێرشێكی فراوانیان بۆ سه‌ر ئه‌و گرتووخانه‌یه ئه‌نجامداوه، كه به هه‌زاران ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌یان تێدا زیندانیكرابوون و تا ئێستاش شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ی حه‌سه‌كه به‌رده‌وامه.
شه‌وی رابردووش رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، ره‌وشی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌ی غوێران ئاڵۆزه و شه‌ڕ له ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه له‌نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ئاسایشی رۆژئاوا به‌رده‌وامه و گرتووخانه‌كه‌ش به ته‌واوی كه‌وتووه‌ته ده‌ست چه‌كدارانی داعش.
H.B