پۆستی سەرۆک کۆمار.. لە رێککەوتنەوە بۆ لێکترازان
پارتی: دەبێ یەکێتی بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و ئەو لێكترازانەی هاتووەتە كایەوە لە ئەستۆ بگرێت

K24 – هەولێر
دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای چەند کۆبوونەوەیەک گەیشتنە رێککەوتن کە بە یەک شاند لە بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکەن و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن، بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنی یەکێتی لەکاتی دەنگدا بە دەستەی سەرۆکایەتی هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشتوو بەشداری دەنگدانیان نەکرد، لەکاتێکدا یەکێک لە کاندیدەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی پارتی بوو، دوای ئەوەش شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە بەغدا هەڵوەشایەوە.
پێش یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی و یەکێتی چوار لێژنەیان پێکهێنا، یەکێک لە لیژنەکان تایبەت بوو بە گفتوگۆ کردن و دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، سەرەتای ئەم مانگە شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی چووە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان کرد. مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دەڵێ: " بە داخەوە بۆمان روون بووەوە كە نوێنەرانی یەكێتیی بەشدار لە شاندە هاوبەشەكە روانگەیەكی روونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەكان نەبوو. جگە لەوەش بە بێ ئاگاداركردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەكە كشانەوە".
لە کۆبوونەوەی رۆژی 23/1/2022، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیار کرا. لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش لەسەر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی راگەیەندراوە: "مادهم لایهنی دیكه، دوور له پرینسیپی تهوافق كاندیدی خۆیان پێشكهش دهكهن، یهكێتیش مافی خۆیهتی كه پۆستی سهرۆككۆمار به ئیستیحقاقی كورد و یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیه داكۆكی له مافی خۆی دهكات و سازشی لهسهر ناكات".
ئەمڕۆ 24/1/2022، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی یەکێتی دایەوە و گوتی: "پۆستی ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە. هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا كاندیدێك دیاری بكرێت كە رەزامەندی و پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەردەوام بوو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ كاندیدكردنی كەسێك ئەویش لە دەرەوەی رەزامەندیی ناوماڵی كوردیی و پۆستی سەرۆك كۆماریشی وەك ئیستحقاقێکی تەواو حزبی سەیر كردووە".
لە بەشێکی راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هاتووە: " ئهو قسهوباسانهی كه دهگوترا پارتی دیموكراتی كوردستان تهنها كێشهی لهگهڵ كاندیدی یهكێتی ههبوو و ئهگهر ئاڵوگۆڕ بهو كاندیده بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی دهكشاندهوه دووربوون له راستییهوه، دهریشكهوت ئهمه تهنیا بۆ چاوبهستهكی بووه و ئامانجی سهرهكی بهدهستهێنانی پۆستی سهرۆك كۆماره".
وتەبێژی پارتی لە وەڵامی یەکێتیدا دەڵێ: "فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی سەرباری ئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی جێ هێشت. هەر ئەوەش یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویست بوو یەكێتی نیشتیمانی لەبارەی بابەتی سەرۆك كۆمار و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردیی وردتر و نیشتیمانیتر هەڵسوكەوتی كردبا، دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێكترازانەی هاتووەتە كایەوە لە ئەستۆبگرێت".
بەگوێرەی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی له ماوەی سێ رۆژ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە.
بەپێی دەستووری عێراق پێویستە لەماوەی 30 رۆژدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، بە دەنگی دوو لەسهر سێی ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر هیچکام لە پاڵێوراوەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا، ئەوا لە گەڕی دووەمدا ئەو کەسەی زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.
شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی هوشیار زێباری لە بەغدایە و لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکان دەستپێکردووە.
ئێستا هوشیار زێباری کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەرهەم ساڵحی کاندید کردووە. بەگوێرەی لێکدانەوەی چاودێرانی سیاسی جانسی هوشیار زێباری زیاترە، چونکە پارتی رێککەوتنی لەگەڵ فراکسیۆنی سەدر و هاوپەیمانێتی تەقەدووم – عەزم، هەیە، کە دەنگی زۆرینەی ناو پەرلەمانی عێراق دەکات.