ناتۆ كه‌وته ئاماده‌باشی
هێزی بۆ دژایه‌تی رووسیا ره‌وانه‌ی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات كرد

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و نائارامی و ترسه‌ی به‌هۆی ئه‌گه‌ری داگیركردنی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه سه‌ریهه‌ڵداوه، له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كاریی نوێ‌دا هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی ناسراو به "ناتۆ" بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، كه هێزی سه‌ربازی و جبه‌خانه‌ی چه‌ك و فرۆكه‌ی ره‌وانه‌ی سنووره‌كانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات ده‌كات، وه‌ك ئاماده‌گییه‌ك بۆ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی رووسیا به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا.
ئه‌م په‌له‌كردنه‌ی وڵاتانی ناتۆ له‌دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مه‌ریكا به‌ته‌واوی خێزانی دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی له وڵاتی ئۆكرانیا كشاندووه‌ته‌وه، ته‌نیا چه‌ند دیپلۆماتكارێكی كه‌می له باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌و وڵاته هێشتووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، باڵیۆزخانه‌كه‌ی به‌ته‌واوی بگوازێته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی "ئه‌ی بی سی نیوز"، له‌گه‌ڵ په‌لكێشكردنی زیاتری سوپای رووسیا بۆ سه‌ر سنووری ئۆكرانیا، ناتۆ رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان ژماره‌یه‌ك كه‌شتیی جه‌نگی و فرۆكه‌ی جه‌نگیی ره‌وانه‌ی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات كردووه، وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ به‌رگریكردن له هاوپه‌یمانه خۆرهه‌ڵاتییه‌كانیان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دانیمارك كه‌شتییه‌كی جه‌نگیی ره‌وانه‌ی ده‌ریای به‌لتیك و 4 فرۆكه‌ی ئێف 16شی ره‌وانه‌ی لیوانیا كردووه.
ئه‌مڕۆ 24ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2022) له‌هه‌مانكاتدا فه‌ره‌نسا ئاماده‌یی ده‌ربڕی، كه هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له‌ژێر چاودێری ناتۆ ره‌وانه‌ی رۆمانیا بكات، ئیسپانیاش 4 فرۆكه‌ی ئێف 16ی نارده بولگاریا.
به‌رپرسێكی ناتۆ به رۆژنامه‌ی "هێڵ"ی راگه‌یاندووه، هۆڵه‌ندا ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیوه، كه دوو فرۆكه‌ی جۆری ئێف35 ره‌وانه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی بولگاریا بكات، وێڕای ره‌وانه‌كردنی سه‌دان سه‌رباز و كه‌شتییه‌كی سه‌ربازی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی رووسیا.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، ناتۆ به‌رده‌وامه له گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست بۆ پارێزگاریكردنی ته‌واوی هاوپه‌یمانه‌كانیان و به‌رگریكردن لێیان.
رۆژنامه‌ی "زه نیویۆرك تایمز" له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مه‌ریكا بڕیاریداوه 5 هه‌زار سه‌ربازی خۆی له چوارچێوه‌ی هێزی ناتۆدا بگه‌یه‌نێته وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات.
هه‌رچه‌نده هیچ به‌رپرسێكی كۆشكی سپی و پێنتاگۆن ئه‌م هه‌واڵه‌ی "زه نیویۆرك تایمز"ـیان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئیداره‌ی بایدن پێشتر رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر روسیا هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا، ئه‌وان هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپای ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده ناتۆ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 24ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2022) رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا بۆمانی رونكردووه‌ته‌وه، كه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن بوونی زیاتری هێزی سه‌ربازییان له به‌شی خۆرهه‌ڵاتی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا هه‌بێت.
هه‌روه‌ها دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 24ی كانوونی دووه‌م، سه‌رۆك بایدن له میانی په‌یوه‌ندییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا گفتوگۆی زیاتری له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كرد.
كاتژمێر 3ی دوێنی شه‌و به‌كاتی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌ك بۆ خشته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بایدن زیادكراوه، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆشكی سپی، كه به "زه نیویۆرك پۆست"ی گوتووه، بایدن په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ یێنس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ، ئۆرسۆلا فۆن دیر لاین، سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا، چالز میشێل، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا، ئیمانۆیل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئۆلاف شوڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ماریۆ دراگی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، ئه‌ندریه دودا، سه‌رۆكی پۆڵه‌ندا و بۆرس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كردووه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی كۆشكی سپی به رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه، باسی تێكڕای په‌یوه‌ندییه‌كانیان، باسكردن بووه له‌سه‌ر پێكه‌وه‌یی و رێككه‌وتنی زیاتری هاوپه‌یمانی ناتۆ و په‌رچه‌كرداری هاوپه‌یمانێتییه‌كه به‌رامبه‌ر ئه‌و گردبوونه‌وه سه‌ربازییه‌ی رووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا ئه‌نجامیداوه.
وێرای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ،دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاگاداری دیپلۆماتكاره‌كانی كرده‌وه، كه خێزانه‌كانیان بگوازنه‌وه و ئۆكرانیا جێبهێڵن، له هه‌مانكاتدا به‌یانی ئه‌مڕۆ 24ی كانوونی دووه‌م له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، به‌ریتانیا له‌به‌رامبه‌ر زیادبوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی رووسیا له‌سه‌ر ئۆكرانیا، به‌شێك له خێزانی دیپلۆماتكاره‌كانی گواسته‌وه.
په‌رچه‌كرداری حكومه‌تی ئۆكرانیا له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا باش نییه، سایتی پۆلیتیكۆ نووسیویه‌تی: حكومه‌تی ئۆكرانیا ره‌خنه له به‌جێهێشتن و گواستنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ی خێزانی دیپلۆماتكاره‌كان و رێوشیوێنی سڵكردنه‌وه و وریاكردنه‌وه‌ی توندی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت.
ئۆلیك نیكۆلینكۆ، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا له تویتێكدا له هه‌ژماری خۆی نووسیویه‌تی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێزمان هه‌یه بۆ مافی وڵاتانی بیانی، كه گه‌ره‌نتی سه‌لامه‌تی و ئه‌منی پێشوه‌خته‌ی نێرده و دیپلۆماتكاره‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام پێموایه ئه‌م هه‌نگاوه پێشوه‌ختانه نموونه‌یه‌كه له زیاده‌ڕۆیی له وریاككردنه‌وه".
له راپۆرتێكی نهێنیدا، كه ده‌ست "زه واشنتۆن پۆست" كه‌وتووه، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا دان به‌وه‌دا ده‌نێن، بۆشاییه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكی و ئۆكرانیاییه‌كان.
هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی بۆ "ئه‌ی بی سی نیوز" ئاشكرای كردووه، كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه هه‌موو شتێكی باڵیۆزخانه ده‌گوازینه‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه راشیگه‌یاندووه، گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌مان به‌شێك نییه له له‌قكردنی پێگه‌ی ئۆكرانیا لای ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو ته‌نیا رێوشوێنێكی حه‌كیمانه‌یه بۆ رووداوێكی چاوه‌ڕوانكراو.
ئه‌مه‌ریكا له‌دوای ده‌یان رووداوی ساڵانی رابردوو، كه به‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانیدا هاتووه، پێیوایه له‌مه‌ودوا نابێت باڵیۆزخانه‌كانی بكرێنه ئامانج و رێوشوێنی پێشوه‌خته ده‌گرنه‌به‌ر.


H.B