وردەکاری رێوڕەسمی پرسە دانان لە مزگەوتەکان دەخرێتەڕوو

کاتی رێوەڕەسمی پرسە لە مزگەوت کەمدەکرێتەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی فتوا لە هەرێمی کوردستان - 25/1/2022 - هەولێر
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی فتوا لە هەرێمی کوردستان - 25/1/2022 - هەولێر

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی باڵای فتوای سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسە بڕیاریدا لەمەودوا پرسە بکرێتە یەک رۆژ و تەنها دوای نیوەڕۆیان لە مزگەوت رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی فتوا لەبارەی پرسە لەم 9 خاڵە پێکهاتووە:..

1.پرسە تەنیا بۆ ماوەی یەک رۆژ دەبێت و لەدوای نوێژی نیوەڕۆ دەستپێدەکات.

2.لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە، رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.

3.لەکاتی بەڕێوەچوونی پرسە جگە لە خوێندنی قورئانی پیرۆز، بە هیچ شێوەیەک گوتار پێشکەش ناکرێت.

4.دەنگی بڵندگۆ لەنێو هۆڵی پرسە بەرز نەبێت، کە ببێتە مایەی بێزاربوونی بەشداربووانی پرسەکە.

5️.بۆ ئەو شوێنانەی قورئانخوێن قورئانی تێدا دەخوێنت، کرێیەکەی لەنێوان 50 بۆ 75 هەزار دەبێت بە کرێی ئامێری دەنگیشەوە.

6️.پێویستە لە پرسەدا رێنماییە تەندروستییەکان (بەستنی ماسک و دووری نێوان بەشداربووان) جێبەجێ بکرێت.

7️.لەو مزگەوتانەی هۆڵی پرسەی ئافرەتانی تێدایە، هەمان قورئانخوێن کە بۆ پیاوان دانراوە، دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ئافرەتان.

8️.بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو و دڵتەزێن، دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پرسە ئاراستەی خاوەن پرسە بکرێت.

9️.بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف، قەزا و تێبینەرایەتییەکان بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە.

پڕۆفیسۆر د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "جەخت دەکەینەوە هەموو خاڵەکان وەکخۆی جێبەجێ بکرێن و هاووڵاتییان لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان هەماهەنگ بن".

 

Fly Erbil Advertisment