پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز 1 و 2ی هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە

نۆژەن دەكرێنەوە و چەند بەشێكی نوێشیان بۆ زیاد دەكرێت

ئاوی ئیفرازی هەولێر
ئاوی ئیفرازی هەولێر

K24 - هەولێر:

بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاو و باشترکردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان، پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز 1 و 2ی هەولێر نۆژەن دەكرێنەوە و چەند بەشێكی نوێشیان بۆ زیاد دەكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بە مەبەستی چاكسازی و پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاو و پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان، بڕیاردرا تا كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز 1و 2 لە هەولێر  نۆژەن بكاتەوە و سەرجەم كارە تەواونەكراوەكانیش تەواو بكات و چەند وێستگەیەكی گواستنەوەی ئاویش دروست دەكرێن كە ئەم بڕیارانە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو و گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری دەبێت.

لە كۆبوونەوەی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ده‌یڤید هه‌نت كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا و شاندێكی باڵای كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی كە بە مەبەستی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی سەرجەم كارەكانی كۆمپانیای ناوبراو كە بە گوێرەی گرێبەستێك لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە هەولێر و سلێمانی و  دووكان كار دەكەن، بەڕێوەچوو.

دوای جەختكردنەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكان و تەواوكردنی سەرجەم كارە تەواونەكراوەكان، كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی رایگەیاند، تا كۆتایی مانگی نیسانی 2022 چاكسازی و پەرەپێدانی زیاتر لە پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز1و2 لە شاری هەولێر دەكەن و چەند بەشێكی دیكەش لە پرۆژەكان دروست دەكەن، هەروەها چەند وێستگەیەكی تری گواستنەوەی ئاویش لەناو پرۆژەکان دروست دەكرێن.

لەبارەی جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی گرێبەستەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە ساڵی 2015وە لەگەڵ كۆمپانیای ناوبراو سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەولێر و سلێمانی و دووكان، واژوو كراوە، شاندی بای وۆتەری بەریتانی جەختیان كردووە دوای نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئیفراز 1و 2 لە هەولێر، پاشان سەرجەم ئەو وردەكارییانەی كە پێویستن لە گرێبەستەكەدا چارەسەری بكرێن، بۆ ئەو مەبەستە ڕێكاری پێویست دەگرنەبەر و سەرجەم خاڵەكانی گرێبەستەكە كە پەیوەندی بە پرۆژەكانی هەولێر و سلێمانی و دووكانەوە هەیە، جێبەجێ دەكەن.

Fly Erbil Advertisment