ئه‌مه‌ریكا، دیمه‌نی داگیركردنی ئۆكرانیای پێچه‌وانه‌كرده‌وه
"مۆسكۆ پاشه‌كشه‌ی له هه‌ڵوێسته داگیركارییهكهیدا كردووه"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
رووسیا به ئاشكرا ده‌یه‌وێت ئۆكرانیا داگیربكات، ئه‌وه‌ی له ساڵی 2014 له نیوه دورگه‌ی قرم بۆی ره‌خسا ده‌توانێت ئه‌مجاره‌ش ئه‌نجامی بدات، به‌ڵام ئێستا دیمه‌نه‌كه پێچه‌وانه بۆته‌وه، رووسیا جگه له‌وه‌ی به‌های دراوی رۆبلـی به رێژه‌ی 6% له بازاڕی دراوی جیهاندا دابه‌زی، هه‌لێكی چاكی ره‌خساند بۆ ناتۆ كه هێزه‌كانی له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا زیاد بكات.
به‌گوێرەی راپۆرتێكی "زه گاردیان" كۆكردنه‌وه‌ی 100 هه‌زار سه‌ربازی رووسی له سنووری ئۆكرانیا و ویستی ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا پێچه‌وانه بۆته‌وه و وای له ناتۆ و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا كرد كه هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش بازاڕی روسیای شێواند و به‌های رۆبل-ی روسی به رێژه‌ی 6% له بازاڕی دراوی جیهانی دابه‌زی.
به‌گوێرەی گاردیان، مۆسكۆ ئێستا پاشه‌كشه‌ی له هه‌ڵوێسته داگیركارییهكهیدا كردووه و ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێسته‌كه‌ی راستكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش له ئێستادا بۆ رووسیا سه‌خته چونكه ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ بڕیاریانداوه كه هێزه‌كانیان له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا زیاد بكه‌ن.
دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی كرملین به ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس-ی راگه‌یاند: "چاودێری ئه‌و داتایانه ده‌كه‌ین كه له‌لایه‌ن ناتۆوه ده‌رباره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی زیاتر له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا رایانگه‌یاندووه چونكه ئه‌مانه هه‌مووی واده‌كات كێشه‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزتر بڕۆن".
له چه‌ند مانگی رابردوودا، كاری دیپلۆماتی و سه‌ربازی رووسیا چڕتر بۆته‌وه و پێشیانوایه قه‌ناعه‌تكردنی ڤلادیمێر پوتن بۆ بڕیاردان له جه‌نگ به‌شێكی ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌رۆكی بێلارووس و پێداگری سه‌ركرده‌كانی بێلارووس بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هێزی ناتۆ له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، چونكه رۆیته‌رز نوسیویه‌تی: "ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه هه‌فته‌ی پێشوو له ژنێڤ له‌نێوان سه‌ركرده باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له‌لایه‌ك و سه‌ركرده باڵاكانی رووسیا و ناتۆ له‌لایه‌كی دیكه، پێداگری روسیا له‌سه‌ر ئه‌وه بووه كه روسیا گره‌نتی ئه‌منی ده‌وێت له ناتۆ، ئه‌ویش پاشه‌كشێی هێزه‌كانی ناتۆ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه ساڵی 1997 لێی جێگیربوون".
مۆسكۆ به ئاشكرا داوای له ناتۆ كردووه كه ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات نه‌مێنێت، به‌ڵام ئێستا دیمه‌نه‌كه پێچه‌وانه بووەته‌وه، به‌هۆی ئه‌و گردبوونه‌وه 100 هه‌زار سه‌ربازییه‌ی روسیا له سنووری ئۆكرانیا، کە وای له ناتۆ و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا كرد هێزه‌كانیان له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا زیاد بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به ئاشكرا به ده‌یان تۆن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی گه‌یانده ده‌ست وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا.
دوێنێ شه‌و 25ی كانوونی دووه‌م (یەنایری 2022)، كه‌ناڵی ئه‌ی بی سی نیوز دیمه‌نی ئه‌و ده‌یان تۆن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی ئه‌مه‌ریكای رووماڵ کرد كه گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی بۆریسبیل-ی كێڤ كه له رێوڕه‌سمێكدا له‌لایه‌ن بریكاری وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا و كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له ئۆكرانیاوه پێشوازی لێكرا.
له‌شوێنی راده‌ستكردنی 79 تۆن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا، كریستینا كیڤین، كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له ئۆكرانیا له لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵه‌كه گوتی: "ئه‌م پشتیوانییه به‌شێكی كه‌مه له‌و پاڵپشتییه مه‌عنه‌وییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆكرانیا و سه‌روه‌ری خاكی ئۆكرانیا و یه‌كێتی خاكهكهیی".
ئه‌و باره چه‌ك و تەقهمهنییهی شه‌وی 25ی كانوونی دووه‌م، ده‌بێته سێیه‌م باری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ئه‌مه‌ریكا كه ده‌گاته ده‌ست وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و هاوكارییه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆكرانیا كه به گوژمه‌ی 200 ملیۆن دۆلار ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕدراوه.
پرۆفیسۆر مارك ئیل جۆهانسن له‌زانكۆی مینیسۆتا له لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه بایدن ده‌بێت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا زیاد بكات بۆئه‌وه‌ی پێگه‌ی به‌هێزبێته‌وه له‌ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا له‌دوای ئه‌و پاشه‌كشه بێسه‌روبه‌ره‌یه‌ی ئیداره‌كه‌ی له ئه‌فغانستان پیشانیدا، گوتیشی: "زۆجار میدیا دیمه‌نی رووداوه سیاسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك پیشان ده‌دات، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا لاى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان شتێكی دیكه‌یه، چونكه ئێستا ده‌ره‌كه‌وێت كشانه‌وه له ئه‌فغانستان به‌شێكه له داڕشتنی پرۆگرامی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاینده و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی و سه‌ربازی کە له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هه‌یبوو".
له‌به‌رامبه‌ردا به‌پێی رۆژنامه‌ی گاردیان، هه‌ڵوێستی پوتن لاواز بووه، به‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا و ئیدی له‌مه‌ودوا ئه‌وروپا هیچ گوێنادات به هه‌ڕه‌شه‌ی رووسیا.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، ئێستا ته‌نانه‌ت ئۆكرانیاش هیچ ترسێكی نه‌ماوه له رووسیا، دوێنی ئێواره 25ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2022) له وتارێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد كه پێویسته هاووڵاتیان هێمن و ئارام بن و گوێ به‌و پڕوپاگه‌ندانه نه‌ده‌ن كه به‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌لایه‌ن رووسیاوه له‌سه‌ر سنوور دروستبوون، گوتیشی: "پێویسته هێمن و له‌سه‌رخۆ بن چونكه سه‌ركرده ئه‌وروپییه‌كان ئاماده‌گییان ده‌ربڕیوه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كه له‌لایه‌ن روسیاوه به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا ئه‌نجام بدرێت".