پارێزگاى هەولێر بڕیارێكی لهبارهی پرسهوه دهركرد
"بنکەکانى پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و موختارى گەڕەکەکان راسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن"

K24 – ههولێر:
ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر، راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، جگە لە هۆڵەکان، پرسەدانان لە (کۆڵان، ماڵ، ژێرخێوەت، باخچە و هەرشوێنێکی دیكهی گشتیى) بە هەموو شێوەیەک قهدهغهیه.
دهقی راگهیهندراو:
دواى ئەوەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر لە کۆبوونەوەى خۆیدا لە رۆژى سێشەمە 2022.1.4، پاڵپشت بە بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ بابەتى پرسەدانان، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێری راسپاردرا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى بکەن تاوەکو بڕیار و رێنمایی نوێى لەبارەى پرسەدانان دەربکرێت.
لە ئێستادا بە بڕیارى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هۆڵەکانى پرسەدانان بە رێنمایی و رێنوێنى تایبەت کراوەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو رێنمایی و رێنوێنیانەى وەزارەت، بەهۆى ئەو دۆخە مەترسیدارەى بڵاوبوونەوەى خێراى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ (ئیمۆکرۆن) و بۆ پاراستنى سەلامەتى تەندروستى گشتیى شارەکەمان و پارێزگاریکردن لەگیانى هاووڵاتییان، جگە لە هۆڵەکان، پرسەدانان لە (کۆڵان، ماڵ، ژێرخێوەت، باخچە و هەرشوێنێکی دیكهی گشتیى) بەهەموو شێوەیەک قهدهغهیه.
ههر كهسێك پابهند نهبێت سزا دهدرێت، بنکەکانى پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و موختارى گەڕەکەکان راسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن و رێكکارى پێویست لە بەرامبەر هەرکەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچى دەکات.
بۆیە داوا لەهاووڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خۆیان و ئازیزانیان پابەندی ئەو بڕیارانەبن و جگە لەهۆڵەکان کە لە ئێستادا بۆ پرسەدانان کراوەن لە هیچ شوێنێکی تر پرسە دانەنرێت.