عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: یه‌كێتی بڕیار به‌ده‌ست نییه بڕیار به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێندرێت
"سه‌درییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته یه‌كێتی بڕیاری پێشوه‌خته‌یان هه‌یه به‌شداری ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی پارتی و سووننه و سه‌درییه‌كان نه‌كه‌ن"

K24- هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ئاشكرای ده‌كات، یه‌كێتی بڕیار به‌ده‌ست نییه، بڕیاریان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.
د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، به‌رپرسی دۆسییه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق له باره‌گای بارزانی و ئه‌ندامی شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، له‌میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتێكی ژووری هه‌واڵی كوردستان 24، رایگه‌یاند، له هه‌ڵبژاردنی 10ـی تشرینی یه‌كه‌می 2021، پارتی ده‌نگێكی زۆری له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ده‌ستهێنا، بۆ ئه‌مه بڕیار درا سه‌ردانی ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان بكه‌ین و پێیانمان راگه‌یاند، ئاره‌زوو ده‌كه‌ین پێكه‌وه بچینه به‌غدا.
عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، راشیگه‌یاند، بۆ ده‌ستخستنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ندێك هێزی سیاسی له‌گه‌ڵمان نه‌هاتن پێكه‌وه بچینه به‌غدا و ئه‌وان گووتیان ئۆپۆزسیۆن ده‌بین.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی شاندی پارتی گوتی: "یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رازی بوو له‌گه‌ڵ پارتی بێته به‌غدا، بۆ ئه‌مه ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، داواشمان كرد قۆناغێكی نوێ دروست بكه‌ین، به‌ڵام ده‌ركه‌وت بڕیارێك هه‌بوو ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدار نه‌بن".
كه‌ره‌م جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، سه‌درییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته یه‌كێتی بڕیاری پێشوه‌خته‌یان هه‌یه به‌شداری ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی پارتی و سووننه و سه‌درییه‌كان نه‌كه‌ن. ده‌شڵێت: یه‌كێتی بڕیار به‌ده‌ست نییه، بڕیار به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێندرێت.