ته‌نیا 2 هه‌زار چه‌كداری راكردووی داعش له‌ حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه‌

نزیكه‌ی نیوه‌ی چه‌كداره‌ راكردووه‌كانی داعش خۆیان راده‌ستنه‌كردووه‌ و له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌سه‌ده‌ ده‌بنه‌وه‌

دیمه‌نێكی گرژییه‌كانی ناو گرتووخانه‌ی غوێران له‌ حه‌سه‌كه‌
دیمه‌نێكی گرژییه‌كانی ناو گرتووخانه‌ی غوێران له‌ حه‌سه‌كه‌

K24- هه‌ولێر:

دوای راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی گرتووخانه‌ی غوێران له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"ـه‌وه‌، تا ئێستاش ئه‌و زیندانیكراوانه‌ی داعش كه‌ له‌ زیندانه‌كه‌ رایانكردبوو، به‌ته‌واوی ده‌ستگیرنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و له‌ناو گرتووخانه‌كه‌ و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی حه‌سه‌كه‌ خۆیان حه‌شارداوه‌ و رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ ده‌بنه‌وه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئازادكردنی دیله‌كانی ده‌ست داعش، هه‌سه‌ده‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌داته‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره‌ زیندانیكراوه‌كانی داعش كه‌ له‌ گرتووخانه‌كه‌ رایانكردبوو، خۆیان راده‌ست نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی هه‌سه‌ده‌ ده‌رده‌خات، كه‌ دوێنێ رایگه‌یاندبوو، ته‌واوی گرتووخانه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش كه‌ نه‌یانویست ئاماژه‌ به‌ ناسنامه‌یان بكرێت، له‌ شاری حه‌سه‌كه‌وه‌ به‌ كوردستان24ـیان راگه‌یاند، به‌ر له‌ چه‌ند خوله‌كێك فڕۆکەی هاوپەیمانان ده‌سنتیان به‌ بۆردومانكردنی دەوروبەری گرتووخانه‌ی غوێران كردووه‌.

به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ زیاتر له‌ 4 هه‌زار چه‌كداری زیندانیكراوی داعش له‌و گرتووخانه‌یه‌دا هه‌بوون، له‌ناویان 700 چه‌كدار له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵی بوون و به‌ "ئه‌شبال ئه‌لخه‌لافه‌ت" ناویان ده‌برا، به‌ گوته‌ی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، تا ئێستا توانراوه‌ ته‌نیا 2 هه‌زار چه‌كدار ده‌ستگیر بكرێنه‌وه‌، ئه‌وانیش زۆربه‌یان خۆیان راده‌ستكردووه‌ و، ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌ گرتووخانه‌كه‌ رایانكردووه‌، تا ئێستاش ده‌ستگیرنه‌كراونه‌ته‌وه‌.

دوایین جاریش له‌ ناوچه‌ی نێوان گۆڕستانی غوێران و شه‌قامی ئیسفه‌نج له‌ حه‌سه‌كه‌، شه‌ڕ له‌ نێوان چه‌كدارانی داعش و هه‌سه‌ده‌ روویدا و له‌ ئه‌نجامدا 6 چه‌كداری داعش كوژران، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ورده‌كارییه‌ك له‌باره‌ی زیانه‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌و شه‌ڕه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سووری، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراون، به‌ره‌چه‌ڵه‌ك بیانین، هه‌سه‌ده‌ش له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی دیله‌كانی كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ به‌دیل گیراون، خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌دات.

H.B