له ماوه‌ی كه‌متر له 12 كاتژمێر داعش ده‌ستی به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌ی ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌دا گرت
"هه‌سه‌ده ئاگاداری پلانه 6 مانگیه‌كه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی داعش بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكات".. 2 هه‌زار و 500 پاسه‌وانیشیان له ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه هه‌بوو

K24- هه‌ولێر:
له ماوه‌ی كه‌متر له 12 كاتژمێردا، گه‌وره‌ترین گرتووخانه، كه چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعشی تێیدا زیندانی كرابوون و له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بوو، كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر زۆرترین و پێشكه‌وتووترین چه‌كی هه‌سه‌ده‌دا گرت.
وێڕای بوونی 2 هه‌زار و 500 پاسه‌وان له زیندانه‌كه، به‌ڵام چه‌كدارانی داعش توانییان له‌ڕێگه‌ی نانه‌وه‌ی پێشوی له‌ناو گرتووخانه‌كه و له رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له چه‌كداره‌كانییه‌وه له ده‌ره‌وه، كۆنترۆڵی گرتووخانه‌كه بكه‌ن.
له شه‌وی 20ی ئه‌م مانگه، چه‌كدارانی داعش دوو ته‌قینه‌وه‌یان له‌به‌رده‌م زیندانه‌كه ئه‌نجامدا، له هه‌مان كاتدا چه‌كدارانی ناو گرتووخانه‌كه‌ش ئاگریان له كه‌لوپه‌لی ناو زیندانه‌كه به‌ردا و ئاڵۆزییان دروستكرد.
له ده‌ستپێك هه‌سه‌ده بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، كه دۆخه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندایه و هیچ چه‌كدارێك راینه‌كردووه، به‌ڵام دوای گه‌یشتنی چه‌كداره راكردووه‌كان بۆ ناو ماڵ و گه‌ڕه‌كه‌كانی حه‌سه‌كه و كوشتنی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی سڤیل، ئاشكرا بوو كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ناو زیندانه‌كه رایانكردووه.
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ چه‌كدارێك له‌و گرتووخانه‌یه راینه‌كردووه و هێزه‌كانیان توانیویانه چه‌كداره راكردووه‌كان دهستگیربكهنهوه و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش خۆیان راده‌ستكردووه، به‌ڵام هه‌سه‌ده له راگهیهندراوهكانیدا ده‌ڵێت: 3 هه‌زار و 500 چه‌كداریان ده‌ستگیركردووه، كه ئه‌و ژماره‌یه له كۆی ئه‌و 5 هه‌زار چه‌كداره زیندانیكراوه‌ی ناو گرتووخانهكهن. به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤیش، له شه‌ڕی نێوان هه‌سه‌ده و چه‌كدارانی داعش نزیكه‌ی 200 چه‌كدار كوژراون، واتا چاره‌نووسی زیاتر له هه‌زار چه‌كدار به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
به‌شێك له چاودێرانیش ده‌ڵێن: هێرشی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌كه مانای شكستخواردنی هه‌سه‌ده له پاراستنی ئه‌منییه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا له‌كاتی راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنی گرتووخانه‌كه، هه‌سه‌ده رایگه‌یاندبوو، ماوه‌ی 6 مانگه چه‌كدارانی داعش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و هێرشه ده‌كه‌ن، واتا ئه‌وان ئاگاداری پلانی هێرشه‌كه بوون، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن و وێڕای راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنی گرتووخانه‌كه و ده‌وروبه‌ری، هه‌سه‌ده ده‌ڵێت: تا ئێستاش نزیكه‌ی 60 بۆ 90 چه‌كدار له‌ناو یه‌كێك له بینایه‌كانی گرتووخانه‌كه ماون و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه خۆیان راده‌ست بكه‌ن و رووبه‌ڕووی هێزه‌كانیان ده‌بنه‌وه و به چه‌ك پارێزگاری له مه‌ودای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان ده‌كه‌ن.
له شه‌وی كۆنترۆڵكردنهكهشدا چه‌كدارانی داعش له ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه هێرشی سه‌ر خاڵێكی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیان كردبوو و تا ئێستاش فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان پێگه‌كانی ئه‌و چه‌كدارانه له‌ناو گرتووخانه‌كه و ده‌وروبه‌ری بۆردومان ده‌كه‌ن.
له‌كاتێكیشدا جه‌خت له‌وه ده‌كرێته‌وه، كه شكسته‌كانی هه‌سه‌ده له پارێزگاریكردن له‌و گرتووخانه‌یه‌ی چه‌كدارانی داعش تێیدا زیندانیكراون، جگه له‌وه‌ی كه ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ی داعش ده‌كاته‌وه، له هه‌مان كاتدا چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه‌ی داعش، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه مهشقدراون، نادیاره.
به‌گوێره‌ی دوایین راپۆرت له‌و باره‌یه‌وه، چاره‌نووسی 700 منداڵی داعش كه له گرتووخانه‌كه بوون، تا ئێستا نادیاره. هه‌رچه‌ند هه‌سه‌ده له چیرۆكه‌كانیدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وان توانیوانه ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و منداڵانه رزگار بكه‌ن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ژماره‌یه‌كی ورد له‌و باره‌یه‌وه ئاشكرا ناكات.
هه‌ماهه‌نگكاری كاروباری مرۆیی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: به سه‌دان منداڵ له گرتووخانه‌ی حه‌سه‌كه گه‌مارۆدراون، نابێت ئه‌و منداڵانه له شوێنێكی وه‌ها بمێننه‌وه و وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته ئه‌و منداڵانه به زووترین كات رزگاربكرێن و له زیندانه‌كه بهێنرێنه ده‌ره‌وه.
لای خۆیه‌وه رێكخراوی یونسێف بۆ داكۆكیكردن له مافی منداڵان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌ڕی حه‌سه‌كه، مه‌ترسی له‌سه‌ر منداڵان هه‌یه و به‌هۆی ئه‌و گرژییانه‌وه، تا ئێستا نزیكه‌ی 45 هه‌زار كه‌س له دانیشتوانی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌ی غوێران ئاواره بوونه و له‌كاتی ئاواره‌بووندا 9 منداڵ بێسه‌روشوێن بوونه و له خانه‌واده‌كانیان دابڕاون و هیچ سۆراخێكیان نییه.
له ده‌ستپێكی گرژییه‌كانی گرتووخانه‌ی غوێران، هه‌سه‌ده ئاماژه‌ی به بوونی ناوه‌ندی زیندانیكردنی منداڵان له‌ناو ئه‌و گرتووخانه‌یه نه‌كردبوو، به‌ڵام دوای چه‌ند كاتژمێرێك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یونسێف، كه گوتبووی: مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی نزیكه‌ی 800 منداڵی ناو گرتووخانه‌كه هه‌یه، هه‌سه‌ده رایگه‌یاند، چه‌كدارانی داعش ئه‌و منداڵانه‌ی به‌دیل گرتووه.
نوێنه‌ری یونسێف داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان و لایه‌نه‌كانی ناكۆك له‌و ناوچه‌یه كرد، شه‌ڕ بوه‌ستێنن و ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ناو گرتووخانه‌كه‌دا به‌دیل گیراون، رزگاریان بكه‌ن و بیانپارێزن و دواتر ئه‌و منداڵانه بۆ وڵاته ره‌سه‌نه‌كانیان بگوازرێنه‌وه و له هیچ گرتووخانه‌یه‌كدا نه‌هێڵرێنه‌وه.

تا ئێستاش گرژییه‌كانی گرتووخانه‌ی غوێران كۆنترۆڵ نه‌كراون، هه‌سه‌ده ده‌ڵێت: 60 بۆ 90 چه‌كداری داعش خۆیان له‌ناو یه‌كێك له باڵه‌خانه‌كانی گرتووخانه‌كه حه‌شارداوه و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه خۆیان راده‌ست بكه‌ن، روانگه‌ی سووریش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ دووپاتیكرده‌وه، دوای كۆنترۆڵكردنی گرتووخانه‌كه، ته‌رمی ده‌یان چه‌كداری داعش له‌ناو زیندانه‌كه بینراون و به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری راگه‌یه‌ندراوه، له شه‌وی 20ی ئه‌م مانگه‌وه تا ئێستا، 173 چه‌كداری داعش كوژراون، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، زیاتر له 120 ئه‌ندامی ئاسایش و هه‌سه‌ده گوازراونه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.
H.B