ئەو جەژنەی هەولێر رەشپۆش کرا

18 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی 1ی شوبات تێدەپەڕێت

چرکەساتی پێش تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004 لە هەولێر
چرکەساتی پێش تەقینەوەکانی 1ی شوباتی 2004 لە هەولێر

K24 – هەولێر

ئەو بەیانیەی خەڵکی هەولێر نوقڵی جەژنانەیان دەبەشییەوە و گەردەن ئازاییان لە یەکتر دەکرد، تیرۆرستان وەک هەمیشە پیلانی خوێنڕشتنی مرۆڤەکانیان جێبەجێ کرد، لە یەکەم رۆژی جەژندا خەڵکی هەولێر و کوردستانیان رەشپۆش کرد.

لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 2004، لە یەک چرکەسات دا دوو تەقینەوە لە هەردوو بارەگای لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامدران، بەوهۆیەوە 103 کەس شەهیدبوون، لە نێویاندا ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی حکومی و کادیری دیار بوون، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئەو کردەوە تیرۆرستییە لەکاتێکدا بوو، پرۆسەی ئاشتەوایی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چوو بووە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغی خزمەتگوازی و خۆشگوزەرانی هەنگاوی دەنا، بۆیە تیرۆرستان چاویان بە سەقامگیری کوردستان هەڵنەدەهات، لەم جەژنەدا جارێکی دیکە دەستی رەشیان چووە خوێنی رۆڵەکانی کوردستان.

شەهیدانی 1ی شوبات
شەهیدانی 1ی شوبات

لە یادی تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە، ئەمڕۆ سێشەممە 1/2/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات، لە پارکی سامی عەبدولرەحمان یادی شەهیدانی یەکی شوبات دەکرێتەوە.

مۆنۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات لە پارکی سامی عەبدلرەحمان- هەولێر
مۆنۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات لە پارکی سامی عەبدلرەحمان- هەولێر

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی شەهیدانی 1ی شوبات راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە: "18 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژى 1ى شوباتى ساڵى 2004 تیرۆریستان لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان 103 بەرپرسى حکومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و  و هاووڵاتییان شەهیدکرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون. ئەگەر چى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ریزەکانى گەلى کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوی وەزارەتی شەهیدان هاتووە: "ئەمساڵیش کە یادى شەهیدانى ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ دژایەتى فیکرى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرستان".

Fly Erbil Advertisment