وەفا و رێز بۆ گیانی شەهیدانی 1ی شوبات دووپات دەکرێتەوە
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی یادی شەهیدانی 1ی شوبات کرایەوە

K24 – هەولێر
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارکی سامی عەبدولرەحمان رێوڕەسمێک بۆ یادی شەهیدانی 1ی شوباتی 2004 رێکخرا.
لە سەرەتای ڕێوڕەشمەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا، دواتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم و ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامودەزگا حکومی و حزبییەکان و کەسوکاری شەهیدان، تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات دانا.
18 ساڵە لەمەوبەر لە 1/2/2004، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، دوو تەقینەوە لە یەک کاتدا لە بارەگاکانی لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامدران، لە ئەنجامدا 103 کەس شەهیدبوون، کە ژمارەیەکیان سەرکردە و بەرپرسی حکومی و کادیری دیاری هەردوو حزب بوون، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.