هۆکاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی ئیداری لە هەولێر دەخرێتەڕوو

گۆڕانکاری لە دامەزراوەکانی دیکەش دەکرێت

دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP
دیمەنێکی شاری هەولێر - فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، دوورخستنەوەی ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکانیان، هەندێکیان پەیوەندی بە کەمتەرخەمییەوە بووە و لە ئایندەشدا ئەو گۆڕانکاریانە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەی دیکەش دەگرێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە لادان و گواستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان رایگەیاند: "ئەو گۆڕانکاریانە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی سنووری ئیدارەی هەولێر بووە و لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت و بەڕێوەبەرایەتی و جێگای دیکەش دەگرێتەوە".

روونیکردەوە: "دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان سێ جۆرە، هەندێکیان لەسەر کەمتەرخەمی بووە، کە لە رابردوودا وەک پێویست ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، بەشێکیان لەو شوێنانەی لافاو روویدا کەمتەرخەم بوونە لە هاوکاری و بەهاناوەچوونی خەڵک، بۆیە ئەو ئیجرائاتەیان لەگەڵ کراوە، هەندێکیشیان لە شوێنی خۆیان سەرکەوتوو بوونە، ئەوانە دەگوازرێنەوە شوێنی دیکە و سوودیان لێوەردەگیرێت، لەناو شار و دەوروبەر هەندێک سەرۆک شارەوانی گۆڕدراون، ئەوانەی ماون ئەوانیش دەگۆڕدرێن".

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە بابەتی گەندەڵییەوە نییە، هەر کەیسێک پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەبێت دەستەی دەستپاکی و دادگا هەن و رووبەڕووی سزا دەدڕێن".

ئەوەشی خستەڕوو: "گۆڕانکاری لە دامەزراوەکان کارێکی ئاساییە، ئەگەر نەکرێت نائاساییە، مانەوەی خەڵک لە شوێنێک بە زۆری کارێکی باش نییە".

Fly Erbil Advertisment