به‌غدا له‌باره‌ی دواخستنی سه‌رژمێری روونكردنه‌وه ده‌دات
به‌هۆی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن پرسی دواخستن هاتووه‌ته ئاراوه

K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی باڵای سه‌رژمێریكردنی دانیشتوان له عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆسه‌ی سه‌رژمێریكردنی دانیشتوان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دواناخرێت، كۆتایی ئه‌مساڵ 2022 ته‌واوی رێكاره‌كانی ئه‌نجام ده‌درێن.
سه‌میر خزه‌یه‌ر هادی، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له ده‌سته‌ی باڵای سه‌رژمێریكردنی دانیشتوان له عێراق رایگه‌یاند، دوای ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه مه‌یدانییه‌كان له‌باره‌ی سه‌رژمێریكردن له ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق، هه‌روه‌ها ئاماده‌كردنی فۆڕمێك له‌باره‌ی ژماره‌ی خێزان و ته‌مه‌ن و زانیاری دیكه، ئه‌وه نیشان ده‌دات به‌غدا ئاماده‌یه له كۆتایی ئه‌مساڵدا سه‌رژمێری گشتی ئه‌نجام بدات.
هادی روونیكرده‌وه، به‌رده‌وام تێبینییه‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆگرامه ئه‌لیكترۆنییه‌ی ئاماده‌یه بۆ سه‌رژمێریكردنی دانیشتوان، په‌ره‌ی پێ بده‌ین، جیا له‌وه‌ش چاوه‌ڕێیی دابینكردنی بوودجه‌ی ساڵی 2022 ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌و بابه‌ته پێویستی به خه‌رجییه‌كی زۆر هه‌یه.
تایبه‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن له عێراق، هادی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ده‌سته‌ی سه‌رژمێری ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی له‌به‌رچاو گرتووه، ئاماده‌كاریشی بۆ كردووه، له‌وانه‌ش دابینكردنی ته‌واوی پێداویستییه ته‌ندروستی و خۆپارێزییه‌كان، بابه‌تی دواخستنی سه‌رژمێریكردنی دانیشتوانی عێراق له‌كار و به‌رنامه‌دا نییه.