فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر: چانسی سه‌ركه‌وتنی زێباری زیاتره
هێشتا لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان توانای تێگه‌یشتنیان له پرسی كورد نییه

K24 – هه‌ولێر:
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، كه‌سایه‌تی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" رایگه‌یاند، به گوێره‌ی پێشبینییه‌كان و ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی كراون، ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن، هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان ببێته سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق.
بڕیاره رۆژی (7ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنێكی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار زێباری، بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته كاندید كردووه و له به‌رامبه‌ریشدا، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحی كاندید كردووه.
له باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر گوتی: "پێشبینی ده‌كرێت هۆشیار زێباری ده‌رچێت".
گوتیشی: "ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌ك لای خۆمان نییه، ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌یان فه‌رمانی پێكرد، وه‌ك به‌به‌غا له‌سه‌دا سه‌د ئه‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن، ره‌نگه موفاجه‌ئه‌ی تێدا بێت و هه‌ندێك نوێنه‌ر، به‌و شێوه‌یه ده‌نگ بدات، كه پێیان وتراوه و مه‌رج نییه هه‌مووان وه‌ك یه‌ك ده‌نگ بده‌ن".
له باره‌ی پرۆسهكهشهوه گوتی: "من ترسم له كۆی پرۆسه‌كه و ئه‌و هاوپه‌یمانییه هه‌یه، كه پارتی چووه‌ته ناوی".
له باره‌ی ئه‌و ترسهشهوه گوتی: "ئێمه ساڵی 2003 هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژیمان كرد و ئێمه هێزێكی رێكخراو بووین و ناوچه‌یه‌كی فیدراڵیمان هه‌بوو، هێزی پێشمه‌رگه و ئه‌منیمان هه‌بوو، شارهزاییهكمان له ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌مان و میدیای رێكوپێكمان هه‌بوو، برایانی باشوور و به‌غدا، وه‌ك ئێمه رێكخراو نه‌بوون، ره‌نگه بۆیان زه‌حمه‌ت بووبێت، ئه‌گه‌ر ویستبایان سه‌رله‌نوێ ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد چووین و ده‌وڵه‌تی عێراقمان به توانای خۆمان دامه‌زرانده‌وه، دواتریش سزای گه‌لی ئێمه‌یان دا و له كاتی مالیكی‌دا بودجه‌یان بڕی و له سه‌رده‌می عه‌بادیدا په‌لاماری كه‌ركووكیان دا و ده‌ستیان به گۆڕینی سیمای دیموگرافی ناوچه‌كه‌یان دا و ویستیان روو بكه‌نه هه‌ولێریش، بۆیه من گه‌شبین نیم و به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌م ده‌كرد و ئه‌گه‌ر رای من وه‌رگیرابا، ده‌موت براده‌رینه په‌له مه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت من له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیری كوردیش نیم بۆ كێشه‌كانی شیعه، چونكه هیچ لایه‌ك نه‌هاتوون بڵێن نێوه‌ندگیری بۆ كورد ده‌كه‌ین".
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر له بایه‌خی یه‌كده‌نگی لایه‌نه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی نوێنه‌رانی كه‌مكرده‌وه و گوتی: ئه‌وه شتێكی كاتییه و ره‌سمی مێژوو ناكات، من له‌گه‌ڵ زۆر هێزی لاوازدا كارم كردووه، كه سه‌ره‌تا لاواز بوون و دواتر به‌هێز بوون ژه‌هریان ده‌رخوارد داوین.
گوتیشی: به ئه‌زموونی خۆم و ئه‌و كه‌سانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ برایانی عه‌ره‌ب كردووه، ده‌زانین، هێشتا لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان توانای تێگه‌یشتنیان له پرسی كورد نییه و هه‌میشه ده‌یانه‌وێت ناوه‌ند به‌هێز بێت و ئه‌وان دژی سیستمی فیدراڵین.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به گشتیی متمانه‌ی به هێزه عێراقییه‌كان نییه و گوتی: "من هیچ بڕوایه‌كم پێیان نییه، به هه‌موو لایهنهكانیانهوه".
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، جه‌ختیكرده‌وه، پێویست بوو سه‌ره‌تا ماڵی خۆمان رێكبخه‌ین و ریزه‌كانی میلله‌تی كورد یه‌كبخه‌ین، ئینجا بچینه به‌غدا.
له باره‌ی هۆكاری تێكچوونی یه‌كڕیزی لایه‌نه كوردییه‌كان، گوتی: "ناتوانم تۆمه‌ت بده‌مه پاڵ كه‌س، به‌ڵام جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ده‌توانێت له‌و رووه‌وه زۆر شت بكات".
سه‌رنجیشی بۆ ئه‌وه راكێشا له هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی سه‌دردا كورد كه‌مینه‌یه و له نوێنه‌رانیشدا كورد كه‌مینه‌یه، له رووی ده‌ستوورییه‌وه مافی ڤیتۆ نه‌دراوه به كورد، بۆیه هه‌میشه ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی كورد، ئه‌وه‌یه كورد خۆی یه‌كڕیز بێت.
باسی له‌وه‌شكرد، "چوونی كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ لای سه‌در، لای منه‌وه جێی دڵخۆشی نییه و ده‌شزانم ئه‌وه له ژێر فشاری ئێرانییه‌كان بووه".
ره‌تیشیكرده‌وه، لایه‌نه شیعه‌كان به هۆی كورده‌وه له‌یه‌ك ترازا بن و ئه‌وان ئه‌زموونێكی شكستخواردوویان هه‌یه و ئێستا كه سه‌در، رازی نییه، مالیكی بێته حوكمه‌وه، چونكه كاتی خۆی مالیكی له نه‌جه‌ف هه‌ڵیكوتایه سه‌ر و تۆپی پێوه نا.