عیرفان عەبدولعەزیز: دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی زۆر باش بوو

"عێراق لەبەردەم دوو ئەگەر دایە"

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

K24 – هەولێر

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی حزبەکەی لە هەولێر، لەبارەی دەسپێشخەریەكی سەرۆك بارزانی بۆ دەربازکردنی عێراق لە گرژییە سیاسییەکان رایگەیاند، دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی كارێكی زۆر باش بوو. ئاماژە بەوەشدەکات، عێراق لەبەردەم دوو ئەگەر دایە.

عیرفان عەبدولعەزیز، بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەستپێشخەریەکە زۆر باش بوو، چونکە دۆخی سیاسی لە عێراق گەیشتبووە بنبەست، دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود دەرگایەکی کردەوە، بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک نەبێت و کەشێکی گونجاو بۆ رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بڕەخسێنرێت و هیچ لایەنێک گلەیی نەکات".

گوتیشی: "لە راستیدا عێراق لەبەردەم دوو ئەگەر دایە، یان دەبێتە دەوڵەتێکی مەدەنی دوور لە میلیشیا، یان ئەو ئاواتە لە دەست دەچێت و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 500 ساڵ لەمەوپێش، دەبێتە دەوڵەتی میلیشیا و فەوزا".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، رێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر عێراق سەقامگیر بێت، بێگومان کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

Fly Erbil Advertisment