سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌سه‌ده: ده‌مانزانی داعش نیازی هێرشكردنی هه‌یه
"پێشبینی ده‌كه‌ین به‌م نزیكانه داعش هێرشی دیكه‌ش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌كه ئه‌نجام بدات"

K24- هه‌ولێر:
سه‌ركرده‌یه‌كی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" رایگه‌یاند، ئه‌وان ده‌یانزانی داعش نیازی هێرشكردنه سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێرانی له حه‌سه‌كه هه‌یه و گوتیشی: پێشبینی ده‌كه‌ین، چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه هێرشی نوێ بۆ سه‌ر گرتووخانه ئاماده‌یی "ثانوي"ی سیناعه له شاری حه‌سه‌كه ئه‌نجامبدات، دوای ئه‌وه‌ی به‌ر له چه‌ند رۆژێك هێرشێكی خوێناویی بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێرانی ئه‌نجامدا.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتد، له‌سه‌ر زاری هه‌ڤال قرتای، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی هێزه تایبه‌ته‌كان كه له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا ئه‌ركی ئه‌و یه‌كه‌یه پاككردنه‌وه‌ی گرتووخانه‌ی غوێران و ده‌وروبه‌ری له چه‌كدار و شانه‌كانی داعشی له ئه‌ستۆ بوو، گواستییه‌وه، "هۆكاری سه‌ره‌كیی كارابوونهوه و به‌هێزبوونه‌وه‌ی شانه نووستووه‌كانی داعش، بۆ بێده‌نگی نێوده‌وڵه‌تی و لاوازی پشتگیریكردنی هه‌سه‌ده له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه پشت به داهاتێك ده‌به‌ستین، كه به‌شی ئه‌وه ناكات بتوانین رووبه‌ڕووی دۆخه‌كه ببینه‌وه و كۆنترۆڵی قه‌یرانه‌كان بكه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: ماوه‌یه‌ك بوو هه‌سه‌ده ده‌یزانی گرتووخانه‌ی غوێران له‌لایه‌ن داعشه‌وه ده‌كرێته ئامانج و راپۆرتی هه‌واڵگریمان پێ ده‌گه‌یشت، جه‌ختیان له‌وه ده‌كرده‌وه ژماره‌ی شانه نووستووه‌كانی داعش له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌كه تادێت له زیادبووندایه و گوتیشی: هه‌ندێك له تیرۆرستان به جلی مه‌ده‌نی به بازگه و خاڵه‌كانی پشكنیندا تێده‌په‌ڕن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كیان بۆ دروست بێت.
قهرتای گوتی: "ئێستا هه‌سه‌ده به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی گرتووخانه‌ی غوێرانی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین به‌م نزیكانه هێرشی نوێ بكرێته سه‌ری".
ئه‌م گوتانه‌ی هه‌ڤاڵ قهرتای له‌كاتێكدان، له كۆتایی مانگی رابردوو شانه نووستووه‌كانی داعش له گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری گرتووخانه‌ی غوێران له شاری حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان، له رێگه‌ی ئه‌نجامدانی دوو ته‌قینه‌وه‌ی جیاواز، توانییان به‌ربه‌سته‌كانی چوونه ژووره‌وه بۆ ناو گرتووخانه‌ی غوێڕان ببڕن و سه‌دان چه‌كداری زیندانیكراوی داعش، كه له‌و گرتووخانه‌یه بوون، رایانكرد.
دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه و شه‌ڕێكی خوێناوی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك، كه به‌هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س له هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و چه‌كدارانی داعش و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی كوژران، به پشتیوانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانرا دۆخه‌كه كۆنترۆڵ بكرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاوا و هه‌سه‌ده جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، سه‌رجه‌م زیندانییه راكردووهكانیان دهستگیركردووهتهوه، به‌ڵام ئاماره‌كانی میدیا و روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له سووریا گومان ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی هه‌سه‌ده و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره راكردووه‌كانی داعش ده‌ستگیر نه‌كراونه‌ته‌وه.
H.B