ئه‌گه‌ر تا كاتژمێر 12ی شه‌وی ئه‌م سێشه‌ممه‌یه سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردرا چی رووده‌دات!؟
شاره‌زایه‌كی یاسایی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به 4 خاڵ ده‌داته‌وه

K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ته‌میمی، شاره‌زای بواری یاسایی عێراقی له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامنه‌دانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له ماوه‌ی ده‌ستووریدا 4 خاڵ ده‌خاته‌ڕوو و باس له سیناریۆكانی دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در و كاریگه‌رییه ده‌ستوورییه‌كانیشی ده‌كات.

عه‌لی ته‌میمی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 گوتی: بڕیاری ره‌وتی سه‌در بۆ بایكۆتكردنی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كاریگه‌ری ده‌ستووریی راسته‌وخۆی ده‌بێت و ئه‌گه‌ره‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خاته‌ڕوو:
* ئه‌گه‌ر بایكۆتكردنی كوتله‌ی سه‌در كاریگه‌ری له‌سه‌ر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان نه‌كرد و 220 په‌رله‌مانتار به‌ره‌و سه‌ره‌وه له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده‌بوون، كه ئه‌و ژماره‌یه دوو له‌سه‌ر سێی ته‌واوی په‌رله‌مانتاران پێكده‌هێنێت، ئه‌وا دانیشتنه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێردرێت.
- به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیسابی یاسایی ته‌واو نه‌بوو، ئه‌وا دانیشتنی په‌رله‌مان دواده‌خرێت و سه‌رۆك كۆماری ئێستا به‌گوێره‌ی بڕگه‌ی دووی مادده‌ی 72ی ده‌ستوور له كاربه‌ڕێكردن بۆ راییكردنی كاره‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به پێشێلكردنی ماوه‌ی ده‌ستووری داده‌نرێت.
- له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبوون نه‌ئاماده‌بوون (غیاب)ی په‌رله‌مانتاران، به‌گوێره‌ی مادده‌كانی 18 و دواتری له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، یاسای ئاڵوگۆڕ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاره نه‌هاتووه‌كان جێبه‌جێ ده‌بێت.
- ئه‌گه‌ر نه‌هاتن به‌رده‌وام بوو، ئه‌وا پێشێلكردنی ئه‌و سوێنده یاساییه‌یه، كه له په‌رله‌مان خواردوویانه و مادده‌ی 235 له یاسای سزاكانی عێراق به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ ده‌بێت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دادگای فیدراڵ بڕیاریدا، به شێوه‌یه‌كی كاتی رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رابگرێت، تا ئه‌و كاته‌ی سكاڵاكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه.

دوای ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵیش، هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵ بۆ راگرتنی رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌و پۆسته به شێوه‌یه‌كی كاتی راگه‌یاند و جه‌ختی كرده‌وه، رێز له بڕیاری دادگای فیدراڵ ده‌گرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه دڵنیاین كه دادگا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێشتر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت دووپاتیان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی بڵاویش ده‌كرێته‌وه، ته‌نها ناڵه‌ی هه‌ندێك كه‌سه، له پێناو خۆپێوه‌گرتنی زیاتریان به ده‌سه‌ڵاته‌وه".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، هه‌ر ئه‌مشه‌و گه‌وره كوتله‌ی (سیاده)ی سوننه‌كانیش كه له هاوپه‌یمانێتییه‌كانی عه‌زمی خه‌میس خه‌نجه‌ر و ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبووسی پێكهاتوون، رایانگه‌یاند، له دانیشتنی سبه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماده نابن.
سه‌باره‌ت به هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌ی سیاده‌ی سوننه‌كانیش، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار كه نه‌یانویست ئاماژه به ناویان بكرێت، گواستییه‌وه، هۆكاری ئه‌م بڕیاره بۆ ئه‌وه‌یه نیسابی یاسایی ته‌واو نه‌بێت، تاوه‌كو دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه نه‌چێت.

سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ راگرتنی رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار تا یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵاكان، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك رایگه‌یاند، پێویسته له ماوه‌ی 3 رۆژدا دادگا دوا بڕیاری خۆی رابگه‌یه‌نێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه، ئه‌گه‌ر سبه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌نه‌چوو، پێویسته رۆژی دواتر ئه‌نجام بدرێت، چونكه ئه‌گه‌ر تا كاتژمێر 12ی شه‌وی سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه كه دوا واده‌ی ده‌ستوورییه، سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردرا، وڵات له پۆستی سه‌رۆك كۆماردا ده‌كه‌وێته بۆشاییه‌كی ده‌ستووری.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، به‌ر له ئێستا، كوتله‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند، په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی كه له 73 په‌رله‌مانتار پێكهاتوون، له دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌دا ئاماده نابن، ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ش له به‌غدا به كوردستان24ـیان راگه‌یاندووه، هۆكاری ئه‌و هه‌نگاوه‌ی سه‌در بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی لایه‌نه شیعه‌كانی ناو ئیتاری ته‌نسیقی و هێوركردنه‌وه‌ی ئێرانه له نیگه‌رانییه‌كانی سه‌باره‌ت به شێوازی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.

دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه تێیدا ره‌وتی سه‌در زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و توانی ببێته خاوه‌ن 73 كورسی په‌رله‌مانی، سه‌در له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كوتله‌ی عه‌زم و ته‌قه‌دومی سوننه‌كان كه خاوه‌ن 63 كورسین و له كوردیش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كه خاوه‌ن 31 كورسییه، هاوپه‌یمانێتییه‌كی پێكهێنا، كه له 167 كورسی پێكهاتووه و هه‌وڵ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانی ده‌دات، ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعه‌ی نیگه‌ران كردووه و به‌رده‌وام جه‌خت له پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافوقی سیاسی ده‌كه‌نه‌وه، كه هه‌موو لایه‌نه‌كان تێیدا باڵاده‌ست بن، به‌تایبه‌ت لایه‌نه‌كانی ناو ئیتاری ته‌نسیقی، كه یه‌كێك له كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ئه‌و ئیتاره نووری مالكییه و له زیاتر له بۆنه‌یه‌ك سه‌در ره‌تی كردووه‌ته‌وه هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌گه‌ڵ مالیكی و قه‌یس خه‌زعه‌لی بكات و له‌گه‌ڵ ئه‌وان حكومه‌ت پێكبهێنێت.
H.B