تیمی تایبه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سكچوون و رشانه‌وه ره‌وانه‌ی قه‌ڵادزێ كرا
وه‌زیری ته‌ندروستی ورده‌كاری له‌باره‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و په‌تایه ده‌خاته‌ڕوو

K24- هه‌ولێر:
سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای سكچوون و رشانه‌وه له‌ناو دانیشتووانی قه‌ڵادزێ رایگه‌یاند، ئه‌و په‌تایه یه‌كێكه له نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و به‌رده‌وام هه‌یه، به‌ڵام له دوو وه‌رزدا رێژه‌كه‌ی روو له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات، به‌ڵام له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا ئاماره‌كانی ئه‌و په‌تایه نائاسایین و سنووری ستاندادهكانی تێپه‌ڕاندووه و ژماره‌یه‌كی زۆریان له نه‌خۆشخانه‌كان خه‌وێندراون، كه رێژه‌ی 2 له‌سه‌ر 3ی تووشبووانی ئه‌و په‌تایه منداڵن.
وه‌زیری ته‌ندروستی كه ئه‌مڕۆ بۆ ئاگاداربوون له دۆخی ئه‌و نه‌خۆشییه سه‌ردانی قه‌ڵادزێی كردبوو، به كوردستان2ی راگه‌یاند، له‌ناو تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه منداڵانی ته‌مه‌ن 3 مانگ تا 12 ساڵی هه‌ن، به‌ڵام زۆرترین رێژه‌یان له نێوان 4 بۆ 12 ساڵیدان.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و نه‌خۆشییه له‌ڕێگه‌ی به‌كتریا و ڤایرۆسه‌كانه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه و رێكاری پێویستمان بۆ رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتر گرتووه‌ته به‌ر و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمی تایبه‌تمان ره‌وانه‌ی سنووره‌كه كردووه.
سامان به‌رزنجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مڕۆ له سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ قه‌ڵادزێ، له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبوونه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش له‌و باره‌یه‌وه له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان و بڕێكی زۆری پێداویستی پزیشكیشیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه ره‌وانه‌ی ئه‌و سنووره كردووه.
گوتیشی: ته‌شه‌نه كردنی ئه‌و نه‌خۆشییه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا ئاسایی نییه و پێویسته هۆكاره‌كه‌ی بدۆزینه‌وه، له لێكۆڵینهوهكانیشماندا زیاتر پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه هۆكاری خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاو بێت، چونكه ئه‌و په‌تایه گه‌یشتووه‌ته ناو هه‌موو خێزانێك، بۆیه تیمه‌كانی له پشكنینی ئاو به‌رده‌وامن سه‌ره‌داوێكمان ده‌ستكه‌وتووه، كه پێده‌چێت هۆكاره‌كه‌ی ڤارۆسێك بێت به‌ناوی (رۆته ڤایرۆس)، به‌ڵام ئه‌مه به‌ته‌واوی پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه و پێویستیمان به به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه.
له‌م گفتوگۆیه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستی زانیاری و ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو: