عەرەب و تورکمان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک رێکدەکەون
هاووڵاتییەک: سەدام حوسێن بە قەد راکان جبووری عەرەبی نەهێناوەتە کەرکووک

K24 - کەرکووک
راكان جبوری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە، دانیشتووانی کەرکووک داوای رێگریكردن دەكەن لەم هەنگاوە. پارتیش، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی ئەوان پێشتر رێككەوتوون لەگەڵ عەرەب و توركمان راكان لە پۆستەكەی بمێنێتەوە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "بە لابردنی راکان جبووری لە پۆستی پارێزگار، زۆر شت دەگۆڕێت، ئێستا لە کەرکووک روحمان لەناو دەستمانە نەک دەرمان بکەن".
یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی کەرکووک دەڵێ: "مانەوەی راکان لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بۆ ئەوەیە پرۆسەی تەعریب تەواو بکات، سەدام حوسێن بە قەد راکان جبووری عەرەبی نەهێناوەتە کەرکووک، رژێمی بەعس 35 ساڵ حوکمی کرد دەرهەقی کورد نەهات، بەڵام ئێستا بە پشتیوانی بەغدا ئەوەی بیانەوێت دژی کورد لە کەرکووک دەیکەن".
بەهۆی ئەو دەسەڵاتە سەپێنراوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کەرکووک بێ ئومێد بوونە لە گۆڕانکاری، هاووڵاتییەک ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر ئێستا پارێزگاریش کورد بێت هیچی پێناکرێت، چونکە هێزی سەربازیی و پۆلیس و هەواڵگری لە کەرکووک هەمووی سەر بە بەغدایە".
بەرەی عەرەبی، بەبێ حسابكردن بۆ پێكهاتەكانی دیكە لەناو خۆیاندا بۆ مانەوەی راكان جبووری لە پۆستی پارێزگار رێككەوتوون.
عەزام ساڵح حەمدانی، وتەبێژی بەرەی عەرەبی بە کوردستان24ی راگەیاند: "تەنیا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، دەتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكاتەوە، ئێستا ئەو پۆستە بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت و مەلەفی ئەمنی و سیاسی لە دەسەڵاتی ئەو دەبێت، وەكو قەرەبوویەكیش بۆئەو زیانەی لە عەرەب كەوتووە لە دوای ساڵی 2003".
ئەگەر كورد ناڕازییە دەتوانێت لەڕێگەی دادگای فیدراڵەوە سكاڵاتۆمار بكات یان یان لەڕێگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران یانیش دەتوانێت لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە رێككەوتن بكات، پارتی دیموكراتی كوردستان مانەوەی راكان جبوری لە پۆستەكەی دەخەنە ئەستۆی یەكێتی و دەڵێن بە رێككەوتن بووە لەگەڵ ئەوان.
لەوبارەوە محەمەد خورشيد، بەرپرسی لقی 3ی پارتی بە کوردستان24ی گوتی: "لە دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرەوە ئێمە رامانگەیاندووە، دان بەو کەسەدا نانێین کە بە زۆر سەپێنراوە بە سەر کەرکووک، بەداخەوە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوان رێککەوتن ئەو کەسە لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا".
توركمانەكان چاویان لە پۆستی پارێزگاری كەركووكە و دەڵێن "پۆستەكە بە مافی خۆمان دەزانین و رێككەوتنێكی نیمچە فەرمییشمان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ عەرەبەكان كردووە".
قەحتان ئەلونداوی، بەرپرسی لقی كەركووكی بەرەی توركمانی باسی لەوەکرد:"رێككەوتنێكی نیمچە فەرمیمان لەگەڵ پێكهاتەی عەرەبی كردووە، تاكو لەلایەن توركمانێكەوە پۆستی پارێزگار بەڕێوە ببرێت، گفتوگۆكانیشمان بەردەوامن بۆ ئەو مەبەستە، وەكو توركمان بە مافی خۆمانی دەزانین ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت، چونكە كورد و عەرەبیش بەشی خۆیان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شار پێدراوە".
كورد لە كەركووك زۆرینەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش ئەوەیان سەلماندووە، بەو پێوەرە بێت پۆستی پارێزگار مافی كوردە، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو پۆستە دوور لە خواستی خۆی لێی وەرگیراوەتەوەو خراوەتە خزمەتی تەعریبكرنی دووبارەی شارەكە و فەرامۆشكردنی نەتەوەی زۆرینە.