واده‌ی مورافه‌عه‌ی دۆسییه‌كه‌ی هۆشیار زێباری ده‌ستنیشان كرا
دادگا بۆ دۆسیه‌ی 17ی ئیتیحادی كۆده‌بێته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
دادگای باڵای ئیتیحادی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگه‌یاند، یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو واده‌ی مورافه‌عه‌ی دادگایه بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و سكاڵایه‌ی له دژی هۆشیار زێباری، كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق تۆمار كراوه و به دۆسیه‌ی 17ی ئیتیحادی ده‌ناسرێت.
بڕیار بوو رۆژی (7ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له دانیشتنی دووه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا، سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ هه‌ڵبژێردرێت.
هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه بۆ ئه‌و پۆسته، كه 31 كورسی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه.
هاوپه‌یمانه‌كانی پارتی، به تایبه‌تی كوتله‌ی سه‌در و هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سوننه‌كان، پشتیوانی كاندیدی پارتی ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار.
چه‌ند نوێنه‌رێكی سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، سكاڵایه‌كیان له دژی هۆشیار زێباری جووڵاند.
جووڵاندنی ئه‌و سكاڵایه بووه هۆی ئه‌وه‌ی دادگای ئیتیحادی بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هۆشیار زێباری بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بدات.

به‌ر له بڕیاره‌كه‌ی دادگای ئیتیحادی، هه‌ریه‌ك له كوتله‌كانی سه‌در، پارتی، سیاده بایكۆتی دانیشتنی رۆژی حه‌وتی شوباتیان كرد.
به دوای ئه‌وانیشدا، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد.
هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، بڕیاری دا گفتوگۆكانی كوتله‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ تا كاتێكی نادیار رابگرێت.
له دانیشتنی حه‌وتی شوباتدا ته‌نیا 58 نوێنه‌ر به‌شدارییان له دانیشتنه‌كه كرد و تێیدا ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ر سوێندی یاساییان خوارد.
هاوكات سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، كه له یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نه‌كه له (9ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022) هه‌ڵبژێردراوه، بڕیاری دا، دانیشتنی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار تا كاتێكی نادیار دوابخات.
له لایه‌كی دیكه‌وه، به هۆی ته‌واوبوونی واده‌ی یه‌ك مانگی ده‌ستووریی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، جارێكی دیكه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ كاندیدانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كرده‌وه.
یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، رۆژی مورافه‌عه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه له دژی هۆشیار زێباری له دادگای ئیتحادی تۆمار كراوه.
تۆماركردنی سكاڵاكه دوای ئه‌وه هات، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سوور بوو له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، دوای ئه‌وه‌ی پارتی داوایكردبوو، ئه‌و پۆسته له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتن و به گوێره‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن یه‌كلا بكرێته‌وه.

پارتی به مافی خۆی ده‌زانێت پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌ربگرێت و پێی وایه له 17 ساڵی رابردوودا ئه‌و پۆسته له ده‌ستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه، به‌ڵام چیدیكه یه‌كێتی وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی نییه.
هاوكات پارتی تێبینی له‌سه‌ر ئه‌دای كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی له پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌بووه و پێی وایه به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، كه له 2018ه‌وه سه‌رۆك كۆماره نه‌یتوانیوه پێگه ده‌ستوورییه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار بۆ چارهسهركردنێ پرسه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنێت و كورد وه‌ك خاوه‌ن كیانێكی ده‌ستووری له عێراقدا له‌و پۆسته سوودمه‌ند نه‌بووه.