رێباز حه‌ملان ورده‌كاری داهاتی نه‌وت و ناوخۆ و چاره‌نووسی 200 ملیاره‌كه ده‌خاته‌ڕوو
ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت له ده‌روازه‌كانی سلێمانی بچه‌سپێنرێت

K24 – هه‌ولێر:
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، له گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئیدی كاتی وتنی راستییه‌كانه و به‌رپرسیارێتی به ترسنۆكی ناكرێت و پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی راستییه‌كان ده‌زانن باسیان بكه‌ن و ئه‌وانه‌شی ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتمان نییه، با واز بهێنن.
رێباز حه‌ملان له باره‌ی داهاتی ناوخۆ له سلێمانی گوتی: له سنووری سلێمانی داهات وه‌ك خۆی و ئه‌وه‌ی پێویسته كۆناكرێته‌وه و ناگه‌ڕێندرێته‌وه گه‌نجینه‌كانی حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر مووچه خۆراندا.

روونیشیكرده‌وه، له هه‌ولێره‌وه داهاتی نه‌وت و پشكی سلێمانی له 200 ملیاره‌كه ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وان پشكی خۆیان بۆ ته‌مویلی مووچه، كه %43ی مووچه‌یه و 167 ملیار دینار ده‌كات، ناگه‌ڕێننه‌وه بۆ گه‌نجینه‌كانی حكومه‌ت و بانكه‌كان تا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆران خه‌رج بكرێت.

له باره‌ی 200 ملیاره‌كه‌شه‌وه، رێباز حه‌ملان جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌و بڕه پاره‌یه سولفه‌یه و خێری به‌غدا نییه، مادام ئه‌وان دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمن، پێویسته ئه‌ركی خۆیان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن و ناردنی پاره‌كه مانگ له دوای مانگ زیاتر دوا ده‌كه‌وێت و ئێستا له 9ی شوباتین، كه‌چی بڕی سولفه‌ی مانگی رابردوویان نه‌ناردووه، له كاتێكدا ده‌بوو له 20ی مانگدا بینرێن.
ئاشكراشیكرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون ئه‌و سولفه‌یه تا مانگی ئازاری ئه‌مساڵ به‌رده‌وام بێت و دوای ئه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی به‌غدا بڕیار ده‌دات.
گوتیشی: ئێمه راپۆرتی دیوانی چاودێریمان له باره‌ی خه‌رجی مه‌ركه‌زی وه‌زاره‌ته‌كان ئاماده‌یه و له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نووسراو ئاراسته‌ی به‌غدا بكه‌ین له باره‌یه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رێباز حه‌ملان، گوتی: یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه، ده‌بێت به یاسا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو ناوچه‌كان و له هه‌موو ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان بچه‌سپێت، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی حزب و كه‌س. ئێمه له واقیعدا له دۆخێكی دوو ئیداره‌یی ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌موو شوێنه‌كان بێت، ئاستی قاچاغچێتی داده‌به‌زێت و ئاستی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و بژێوی خه‌ڵك باشتر ده‌بێت. چه‌ندین جار پاره بۆ پڕۆژه خه‌رج كراوه هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. داهات هی خه‌ڵكه، ده‌بێت بۆ خه‌ڵك بێت
ئه‌وه‌شی گوت: پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جددی به پرسی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سه‌رجه‌م خاڵه سنوورییه‌كان به تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی و باج و رسووماتی ئه‌و ناوچه‌یه بكرێت.