داهاتی ناوخۆی سلێمانی ناگه‌ڕێته‌وه بانكه‌كان
رێباز حه‌ملان

K24 – هه‌ولێر:
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، له گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئیدی كاتی وتنی راستییه‌كانه و به‌رپرسیارێتی به ترسنۆكی ناكرێت و پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی راستییه‌كان ده‌زانن باسیان بكه‌ن و ئه‌وانه‌شی ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتمان نییه، با واز بهێنن.
رێباز حه‌ملان له باره‌ی داهاتی ناوخۆ له سلێمانی گوتی: له ده‌ڤه‌ری سلێمانی داهات كۆناكرێته‌وه و ناگه‌ڕێندرێته‌وه گه‌نجینه‌كانی حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر مووچه خۆراندا.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌كرێت، ده‌ستبردنه بۆ قووت و مووچه‌ی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت كاتێك وه‌زیری ناوخۆ بڕیارێكی ده‌ركردووه بۆ خه‌رجكردنی بڕێك پاره بۆ فه‌رمانگه‌یه‌كی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له سلێمانی، كه‌چی له بانك وتوویانه پاره نییه، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری راستییه‌كه، كه ئێمه له واقیعێكی دوو ئیداره‌ییدا ده‌ژین.
روونیشیكرده‌وه، له هه‌ولێره‌وه داهاتی نه‌وت و پشكی سلێمانی له 200 ملیاره‌كه ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وان پشكی خۆیان بۆ ته‌مویلی مووچه، كه %43ی مووچه‌یه و 167 ملیار دینار ده‌كات، ناگه‌ڕێننه‌وه بۆ گه‌نجینه‌كانی حكومه‌ت و بانكه‌كان تا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆران خه‌رج بكرێت.
له باره‌ی 200 ملیاره‌كه‌شه‌وه، رێباز حه‌ملان جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌و بڕه پاره‌یه سولفه‌یه و خێری به‌غدا نییه، مادام ئه‌وان دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمن، پێویسته ئه‌ركی خۆیان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن و ناردنی پاره‌كه مانگ له دوای مانگ زیاتر دوا ده‌كه‌وێت و ئێستا له 9ی شوباتین، كه‌چی بڕی سولفه‌ی مانگی رابردوویان نه‌ناردووه، له كاتێكدا ده‌بوو له 20ی مانگدا بینرێن.
ئاشكراشیكرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون ئه‌و سولفه‌یه تا مانگی ئازاری ئه‌مساڵ به‌رده‌وام بێت و دوای ئه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی به‌غدا بڕیار ده‌دات.
گوتیشی: ئێمه راپۆرتی دیوانی چاودێریمان له باره‌ی خه‌رجی مه‌ركه‌زی وه‌زاره‌ته‌كان ئاماده‌یه و له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نووسراو ئاراسته‌ی به‌غدا بكه‌ین له باره‌یه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رێباز حه‌ملان، گوتی: یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه، ده‌بێت به یاسا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو ناوچه‌كان و له هه‌موو ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان بچه‌سپێت، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی حزب و كه‌س. ئێمه له واقیعدا له دۆخێكی دوو ئیداره‌یی ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌موو شوێنه‌كان بێت، ئاستی قاچاغچێتی داده‌به‌زێت و ئاستی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و بژێوی خه‌ڵك باشتر ده‌بێت. چه‌ندین جار پاره بۆ پڕۆژه خه‌رج كراوه هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. داهات هی خه‌ڵكه، ده‌بێت بۆ خه‌ڵك بێت
ئه‌وه‌شی گوت: پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جددی به پرسی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سه‌رجه‌م خاڵه سنوورییه‌كان به تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی و باج و رسووماتی ئه‌و ناوچه‌یه بكرێت.
ده‌قی گفتوگۆی بێژه‌ری كوردستان24، له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان
پرسیار: دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان چۆنه؟
رێباز حه‌ملان: دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان به گشتیی له‌م قۆناغه‌دا باشه. چونكه نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌ته‌وه، به هۆی رێكاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا گرتوویه‌تییه به‌ر و به هۆی پڕۆژه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان، ره‌وشه‌كه باشتر بووه و هه‌روه‌ها به هۆی هاتنی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانه‌وه، بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی روون هه‌ن، كه ره‌وشی دارایی هه‌رێم به‌ره‌و باشتر هه‌نگاوی ناوه. ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ئه‌م ره‌وشه درووست بووه. له چاو ساڵانی رابردوو و ئه‌و ره‌وشه‌ی هه‌بوو، به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا و شه‌ڕی داعش درووست بووبوو، ئێستا له قۆناغێكی باشین. به‌ڵام رێكخستنه‌وه‌یه‌كی ته‌واومان له خه‌رجی و داهات پێویسته.
پرسیار: داهاتی سلێمانی زۆره، بۆ ناگه‌ڕێته‌وه گه‌نجینه و ده‌چێته گیرفانی كێوه؟
رێباز حه‌ملان: به‌داخه‌وه ئێمه له عێراق ده‌ژین و ئێمه‌ش به‌شێكین له ده‌وڵه‌ته‌كه، گه‌وره‌ترین گرفتی ئێمه له چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ی شته‌كان ده‌كرێته سیاسی، ئه‌وه‌نده یاسایی و ئیداری نییه. ئێمه كاتێك گله‌یی له عێراق ده‌كه‌ین، ده‌ڵێین ناكرێت قووتی خه‌ڵك تێكه‌ڵ به كاری سیاسی بكه‌ین، كه‌چی له ناوخۆی خۆماندا ئه‌وه رووده‌دات. ئه‌و فشاره زۆره‌ی له سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم درووستی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تانه‌ی لێبدرێت.
پرسیار: ئه‌مه‌ی ده‌كرێت بۆ دژایه‌تی حكومه‌ته؟
رێباز حه‌ملان: ئه‌مه‌ی رووده‌دات ده‌ستبردنه بۆ قووتی خه‌ڵك، مووچه‌ی خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ران دوا كه‌وتووه، مووچه‌ی سلێمانی دواكه‌وتووه، مووچه‌ی ئاسایش و به‌شێكی زۆری سلێمانی دواكه‌وتووه، چه‌ند رۆژێكه فه‌رمانگه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك مووچه‌یان وه‌رگرتووه، به گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، كه‌چی له سلێمانی دابه‌ش نه‌كراوه، ئایا ئه‌مه ماقووڵه؟
پرسیار: كێ به‌رپرسیاره له‌وه؟
رێباز حه‌ملان: زۆر جار ده‌وترێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای سه‌رۆكی حكومه‌ته، بۆیه هه‌ندێك شت رووده‌دات، به‌ڵام جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به وه‌زیره‌كان و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی وتووه، ئه‌و شتانه چین، ئێوه ده‌تانه‌وێت و من ده‌سه‌ڵاته‌كه دابه‌زێنم بۆ ئێوه.
شتێكی دیكه‌ش باس بكه‌م، ئه‌و شته وانییه كه ده‌ڵێن، داهاتی سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، خه‌ڵك واده‌زانێت ئه‌و شته‌ی له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان كۆده‌كرێته‌وه، دێته‌وه بۆ هه‌ولێر. ئه‌وه راست نییه، به‌ڵكو ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ژمێركاری هه‌یه و 15 گه‌نجینه‌ی هه‌یه و ئه‌م گه‌نجینانه داهات كۆده‌كه‌نه‌وه و خه‌رجی رێكده‌خه‌ن و پاره ده‌چێته ناو بانكه‌كان و ته‌نیا ژماره دێته‌وه هه‌ولێر. ئه‌و بانكانه‌ش له سنووری سلێمانین، بۆ خزمه‌تی فه‌رمانگه‌كان و بۆ كڕینی داوو ده‌رمان و پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كان به‌كاردێت.
داهاتی ناوخۆ جگه له نه‌وت له 300 ملیار دینار زیاتره، 167 ملیاری ده‌بێت بدرێت به مووچه. %43ی بۆ یه‌كێتی و %57ی بۆ پارتییه به ئیداره‌ی كۆیه‌وه. ئه‌و به‌شه پاره‌یه ئێستا كۆنه‌كراوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و %43یه‌ی ده‌بێت له سلێمانییه‌وه كۆبكرێته‌وه، نه‌هاتووه. لیژنه‌یه‌كیش له وه‌زاره‌تی دارایی درووست بووه بۆ ئه‌و بابه‌ته. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له شێوازی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌كه كێشه هه‌یه و پاره‌كه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بانك.
پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جددی به پرسی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سه‌رجه‌م خاڵه سنوورییه‌كان به تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی و باج و رسووماتی ئه‌و ناوچه‌یه بكرێت. وه‌زیری ناوخۆ پێویستی به‌وه هه‌بووه، هه‌ندێك پاره بۆ فه‌رمانگه‌كانی خۆی له سلێمانی خه‌رج بكرێت، ره‌سیدیان هه‌بووه، به‌ڵام له بانك پاره نه‌بووه. ئه‌مه‌ش ناكرێت و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مه واقیعێكه و ئه‌مه راستییه‌كه‌یه.
پرسیار: هه‌موو ده‌زانرێت كێ له سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م داهاته دیزه‌به‌ده‌رخۆنه ده‌كه‌ن؟
رێباز حه‌ملان: هه‌موو شتێك ده‌ڵێن، خه‌تای سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌ولێره، به‌ڵام خۆ روونه كێ وه‌زیری دارایی و ئابوورییه، روونه كێ فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی به‌ڕێوه ده‌بات، روونه كێ به‌ڕێوبه‌ری گومرگ و ده‌روازه‌كانه، فه‌رموون بێزه‌حمه‌ت خزمه‌تی لایه‌نگر و هاووڵاتیانی خۆتانی پێ بكه‌ن و خزمه‌تی مووچه‌خۆرانی پێ بكه‌ن. ته‌نانه‌ت له رووی پڕۆژه‌كانیشه‌وه دواكه‌وتن هه‌یه و پڕۆژه كراوه پاره‌ی نادرێت، ئێمه له لایه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌مان هه‌یه، ناكرێت له ناوخۆدا به هه‌مان شێوه كێشه‌مان هه‌بێت، خۆزگه ئه‌و 167 ملیار دیناره‌ی خۆمان ئاماده بوایه. مانگانه 350 ملیۆن دۆلار داهاتی نه‌وت ده‌درێته مووچه. ئێمه داهاتی نه‌وتمان زۆر زیاتره، ئه‌و به‌شه‌ی دیكه‌ی بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت و بۆری و كۆمپانیای خزمه‌تگوزاری نه‌وت و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌ڕوات و هه‌مووی گرێبه‌ستی نێوده‌وڵه‌تییه و ناتوانین ده‌ستكاری بكه‌ین. ئه‌و 350 ملیۆن دۆلاره به هه‌وڵی سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌رخانكراوه بۆ بودجه.
له باره‌ی نرخی نه‌وتیشه‌وه، چه‌ند نرخ به‌رز بێته‌وه، داواكاری كۆمپانیاكانی نه‌وت و خاوه‌ن قه‌رزه‌كان زیاتر ده‌بێت، ده‌ڵێن داهاتتان زیاتر بووه و به‌ركه‌وته‌ی ئێمه و بڕی دانه‌وه‌ی قه‌رز زیاتر بكه‌ن. پێویسته داهاتی خۆمان رێكبخه‌ینه‌وه و خه‌رجی رێكبخه‌ینه‌وه و داهاتی خۆمان بۆ خه‌ڵكی خۆمان زیاتر بكه‌ین.
پرسیار: ئه‌مه روونكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ بوو له باره‌ی نرخی نه‌وته‌وه!
رێباز حه‌ملان: ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه، راسته‌وخۆ ئه‌مڕۆ قازانجه‌كه نایه‌ته‌وه و پرۆسه‌یه‌كی بانكییه و ره‌نگه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كه نرخ به‌رزبووه‌ته‌وه، له مانگی نیسان و ئایاری داهاتوو ئه‌نجامه‌كه‌ی وه‌ربگریته‌وه. داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن دیلۆیته‌وه وردبینی تێدا ده‌كرێت و ئه‌و كۆمپانیایه ئاماده نییه له‌به‌ر خاتری كه‌س زانیاری ناڕاست بدات.
پرسیار: ده‌وترێت ده‌بێت له هه‌ولێره‌وه پاره بڕوات بۆ سلێمانی؟
رێباز حه‌ملان: ئێمه كه مووچه دابه‌ش ده‌كه‌ین، چه‌ند داهاتێكمان هه‌یه. داهاتی نه‌وت له رێی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی به‌شی سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه ده‌دات. 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غداش دێته لقی بانكی ناوه‌ندی له هه‌ولێر و له‌وێش ده‌چێته بانكی مناره، كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی داراییه و ئه‌ویش ره‌وانه‌ی پارێزگاكانی ده‌كات. داهاتی ناوخۆش سێیه‌م داهاته و به گوێره‌ی قه‌باره‌ی مووچه، كه پێویسته له داهاتی ناوخۆ بدرێت ده‌چێته بانكی شوێنه‌كان و نایه‌ته‌وه هه‌ولێر و له سلێمانی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم هه‌یه، كه ئیداره‌ی سیوله و پاره‌ی ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌كات و پاره نایه‌ته‌وه هه‌ولێر.
پرسیار: ئه‌مساڵ یاسای بودجه‌مان ده‌بێت؟
رێباز حه‌ملان: ئێمه له 2021 پڕۆژه‌یاسای بودجه‌مان ئاماده كرد، تا مانگی نیسانی پار، عێراق بودجه‌ی خۆی په‌سند نه‌كرد و له جێبه‌جێكردنیشدا دواكه‌وتن، ئێمه‌ش نه‌مانتوانی پڕۆژه‌كه په‌سند بكه‌ین. ئه‌مساڵ عێراق بودجه‌ی نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك له 12ی ساڵی رابردوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئێمه تا له‌گه‌ڵ عێراق نه‌گه‌ینه ئه‌نجامێك و بزانین ئه‌رك و مافمان چییه، ناتوانین ئه‌و پڕۆژه‌یه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ین، هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وام چاودێری دارایی له هه‌رێمی كوردستانه و ده‌بێت دوا پێداچوونه‌وه‌ی چاودێری دارایی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێته‌وه و له وه‌زاره‌ته‌كان خه‌رجی مه‌ركه‌زی و نامه‌ركه‌زی هه‌یه و راپۆرتی خه‌رجی مه‌ركه‌زی ئاماده‌یه و به زووترین كات له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون نووسراو ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی دیوانی چاودێری به‌غدا بدرێته‌وه و تێیدا روون ده‌كرێته‌وه، ئێمه هه‌رچی خه‌رجی و داهاتێكمان هه‌یه به شه‌فافی ده‌یخه‌ینه به‌رده‌ست حكومه‌تی عێراق.
پرسیار: پێشبینی ده‌كه‌ن 200 ملیاره‌كه به‌رده‌وام بێت؟
رێباز حه‌ملان: كه‌ی میزاجی كه‌سێكی سیاسی و ده‌ستوه‌ردانێكی سیاسی هه‌بێت ئه‌و پاره‌یه راده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا هه‌یه، رێككه‌وتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، هه‌تا مانگی 3 دوا مۆڵه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو دیوانی چاودێری دوا راپۆرت بنێرنه‌وه بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌داخه‌وه دوای ده‌خه‌ن و دوای ئه‌و راپۆرته حكومه‌تی عێراق بڕیارێك ده‌دات. ئێمه تا چه‌ند به‌هێز بین له به‌غدا و چه‌ند نوێنه‌رانی كورد و ئه‌وانه‌ی پۆسته‌كان وه‌رده‌گرن، له به‌غدا به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ئێمه‌ش له به‌غدا به‌هێزتر ده‌بین.
پرسیار: ئه‌و 200 ملیاره سولفه‌یه‌كه، نه‌ك بودجه؟
رێباز حه‌ملان: هیچ كه‌س خێرمان پێ ناكات، ده‌وڵه‌تی عێراق پێداگیری ده‌كات، نابێت هه‌رێم جیا بێته‌وه، مادام وایه پێویسته ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌رپرسیارێتی ئێمه له رووی موچه‌و مافه‌وه هه‌ڵبگرێت. ئه‌و 200 ملیاره سولفه‌یه تا مانگی 3 و ته‌واو بوونی راپۆرتی دیوانی چاودێری.
ئێمه ئاماده بووین له‌سه‌ر نه‌وت و ده‌ستوور رێككه‌وتن بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بوون.
پرسیار: كه‌واته ده‌ركه‌وت عێراق داگیركه‌ری هه‌رێمی كوردستانه و ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای هه‌رێمی كوردستان؟
رێباز حه‌ملان: عێراق پابه‌ندی بڕیار و یاساكانی خۆی نابێت.
پرسیار: با بێینه‌وه سه‌ر سلێمانی، بۆچی له ئاستی ئه‌م سته‌مه قسه ناكرێت، كه له سلێمانی دژی خه‌ڵك ده‌كرێت؟
رێباز حه‌ملان: ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقییه. كێشه‌ی خه‌ڵكی ئێمه ئه‌وه‌یه، كه‌س هه‌یه به‌ڕێوبه‌ری گشتییه، كه‌چی ده‌ڵێت: ئه‌م حكومه‌ته! له كاتێكدا ئه‌و خۆی به‌شێكه له حكومه‌ته‌كه، سیاسه‌ت و حوكمداری به موجامه‌له و ترسنۆكی ناكرێت و ده‌بێت بوێر بێت و كه‌سێك وه‌زیره یان به‌رپرسه، ده‌بێت بوێر بێت و راستییه‌كه بڵێت، چونكه ئه‌و پۆسته خه‌ڵك و حزبه‌كه‌ت پێیداوی و پێویسته راستییه‌كه به خه‌ڵك بوترێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پۆستێكم هه‌بێت له حكومه‌تدا و هیچم پێ نه‌كرێت، یه‌كجار وازی لێ ده‌هێنم و به خه‌ڵك ده‌ڵێم هیچم پێ ناكرێت. نه‌ك به بێده‌نگی بڵێم با بڕوات. هۆكاره‌كه‌شی هه‌ندێكی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سییه و هه‌ندێكیشی نه‌بوونی بوێرییه. پارێزگار و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و وه‌زیره‌كان ده‌زانن هۆكاره‌كه چییه و ده‌بێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن. بازرگانی له ده‌روازه‌كان له ئاستێكی باشدایه و ماقووڵ نییه نه‌زانین داهاته‌كه‌ی له كوێیه؟.
پرسیار: چاره‌سه‌ر چییه؟ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له دڵه‌ڕاوكێی مووچه رزگاری بێت؟
رێباز حه‌ملان: یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه، ده‌بێت به یاسا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو ناوچه‌كان و له هه‌موو ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان بچه‌سپێت، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی حزب و كه‌س. ئێمه له واقیعدا له دۆخێكی دوو ئیداره‌یی ده‌ژین. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم له هه‌موو شوێنه‌كان بێت، ئاستی قاچاغچێتی داده‌به‌زێت و ئاستی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و بژێوی خه‌ڵك باشتر ده‌بێت. چه‌ندین جار پاره بۆ پڕۆژه خه‌رج كراوه هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. داهات هی خه‌ڵكه، ده‌بێت بۆ خه‌ڵك بێت، چه‌ند جار جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زیرانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی راسپاردووه هێز بنێرنه ناوچه سنوورییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بچه‌سپێت و قاچاغچێتی رابگیرێت، چونكه قاچاغچێتی به هاووڵاتی ئاسایی ناكرێت و یه‌كێكی گه‌وره‌ی له پشت نه‌بێت ناكرێت.
پرسیار: ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی به‌شێكن له حكومه‌ت؟
رێباز حه‌ملان: خۆیان به‌شێك نین له حكومه‌ت، به‌شێكی سه‌ره‌كین له حكومه‌ت. به پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، پارتی حكومه‌تی پێكهێناوه، به‌ڵام به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان پێكهێنراوه و چه‌ندێك پارتی لێی به‌رپرسه ئه‌وانیش به‌رپرسن و له ده‌ستكه‌وت و شكست به‌شدارن. ده‌بێت خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌و راستیانه تێبگات و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی كۆتاییش خه‌ڵك تێگه‌یشت.