نەتەوە یەکگرتووەکان: قەرەبووکردنەوەی کوەیت لەلایەن عێراقەوە کۆتاییهات
"یارمەتیدەر بووە بۆ ئاشتەوایی دوای شەڕ"

K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی هاتنی قەرەبووکردنەوەی داگیرکردنی کوەیتی لەلایەن عێراقەوە راگەیاند.
دوای ئەوەی عێراق دوایین بڕی قەرەبووکردنەوەی داگیرکردنی کوەیتی دایەوە، کە 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو، لیژنەی تایبەتمەند بە قەربووکردنەوەکان، لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بەو بابەتە پێشکەشکرد، کە لە ساڵی 1991 بە بڕیاری 692ی ئەنجومەنی ئاسایش پێکهاتبوو.
لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە، ئەمە دەستکەوتێکە جێگای سەرنجە و یارمەتیدەر بووە بۆ ئاشتەوایی دوای شەڕ، گرنگی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەردەخات.
کۆمسیۆنی پێبژاردنی زیانەکانی داگیرکردنی کوەیت، لە 1991، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا بۆ پێبژاردنی ئەو زیانە ماددیانەی لە ئەنجامی داگیرکردنی کوەیت کەوتبوونەوە لەلایەن عێراقەوە.
لە ماوەی 31 ساڵی تەمەنی کۆمسیۆنەکەدا، دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتی کوەیت داواکاری پێشکەشکردووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان کە بڕەکەی دەخەملێنرێت بە 352 ملیار و نیو دۆلار. لەو بڕە، تەنها نزیکەی 52 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو دراوەتەوە.
کۆمسیۆنەکە، سەرەتا لە رێگەی سەپاندنی لە %30 باج لەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە کیمیاویەکانی عێراق، پارەی پێویستی بۆ قەرەبووکردنەوە و دەستخستن، لە رێگەی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتیەوە، رێژەکە تاوەکو 3% کەمکرایەوە.
ئەو لایەنانەی کە سوودمەند بوون لە قەرەبووەکە بریتین لە خەڵکانی ئاسایی، دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان لە کوەیت کە لە ئەنجامی 7 مانگی داگیرکاریەکە زیانان بەر کەوتبوو.
دوایین بڕی قەرەبووەکە لە 13/1/2022، دراوە لەلایەن عێراقەوە کە بریتی بوو لە 630 ملیۆن دۆلار.