"پێوەری زیرەک زۆربەی کێشەکانی وەزارەتی کارەبا و هاووڵاتییان چارەسەر دەکات"

لە سلێمانی بەستنی پێوەری زیرەک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی

کارمەندێکی تیمەکانی بەستنی پێوەری زیرەک لە سلێمانی
کارمەندێکی تیمەکانی بەستنی پێوەری زیرەک لە سلێمانی

K24 - سلێمانی

تیمەكانی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا لە شاری سلێمانی، پێوەری زیرەکیان بۆ %81ی ماڵ و دامەزراوەکانی شارەکە بەستووە، بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا، بە تەواو بوونی پڕژۆەی بەستنی پێوەی زیرەك كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتییان زیاد دەبێت و رێگریش لە بە فیڕۆدانی وزەی كارەبا دەكات.

 بەگوێرەی داتاکان، تیمەکان لە شاری سلێمانی تائێستا 402 ھەزار و 760 پێوەری زیرەكی كارەبایان بەستووە، بەوەش رێژەكە گەیشتووەتە لە 81%.

کاوە عەبدوڵڵا، بەرپرسى دانانى پێوەرى زیرەك لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەستنی پێوەری زیرەک لەناو شاری سلێمانی لە قۆناغی کۆتایی دایە و زۆربەی بەستراوە، لە دەوروبەر ئێستا شارباژێڕ، ماوەت، قەڵاچۆلان، دەربەندیخان، شارەزوور ماوە، لە سنووری پێنجوێنیش بەهۆی بەفربارینەوە پرۆسەکە دواکەوتووە".

لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانى بۆ کەمکردنەوەى خواست لەسەر کارەبا گۆڕەری كارەربا پەیڕە و دەکرا، بەڵام دواى دانانى پێوەرى زیرەک تەنها دوو شوێن لە سلێمانى گۆڕەری كارەبا بەکار دەهێنرێت. بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوە دەکەن، پێوەری زیرەک کێشەی ئەوان و هاووڵاتییانیش چارەسەر دەکات.

لەوبارەوە سیروان محەمەد، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى دەڵێ: "رەنگە ئێستا خەڵک گلەیی هەبێت، کە پێیان وابووە دوای دانانی پێوەری زیرەک کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێر، راستە بەوشێوەیە نەبووە، بەڵام پێوەری زیرەک زۆر کێشەی ئێمە و خەڵکی چارەسەر کردووە، بۆ نموونە سوتانی یەکتربڕ و محاویلە نەماوە، ساڵانی رابردوو لەم کاتانەدا کێشەی زۆرمان هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ ئەوە نەبووە، لە هەمانکاتدا هێڵەکانی کارەبای هاوسەنگ کردووە".

پێوەری زیرەك بە یەكێك لە پڕۆژەكانی گرنگەكانی وەزارەتی كارەبا دادەنرێت، بۆ رێگریكردن لە بە فیڕۆدانی وزەی كارەبا، پڕۆژەكە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2020 دەستیپێکردووە.

Fly Erbil Advertisment