سوید سێ وڵات بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە تۆمەتبار دەکات
پۆلیسی سوید دەنگۆکان رەتدەکاتەوە
K24 - هەولێر
پۆلیسی سوید، ئێران و رووسیا و چین، بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و مەترسی لەبارەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات، پەرلەمانتارانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران هەوڵی نانەوەی پشێوی لە وڵاتان دەدات و لە وڵاتەکەی خۆشی مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن، ئێران بۆ بەرژەوەندی خۆی مەترسی لە وڵاتان بڵاو دەکاتەوە.
بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییانی سوید دروستکردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر پۆلیسی ئاسایشی سوید ناسراو بە (سێپۆ) بڵاوی کردەوە، ئێران لەپشتی بڵاوکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندانەیە. پەرلەمانتارێکی سویدیش دەڵێت، ئێران بەردەوام مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، پێچەوانەی سوید، کە مافی مرۆڤ چەقی کارەکانی حکومەتەکانی سویدە.
ئاندێرش ئۆستەر بەری، پەرلەمانتاری سوید بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێران لە ناردنی خەڵک بۆ سوید بە مەبەستی جاسوسی زۆر چالاکە، هەروەها زۆر هەوڵی ئەوە دەدات ئێمەش وەک خۆی لێبکات، بەڵام ئێمە وڵاتێکین راست پێچەوانەی ئێران، ئێمە وڵاتێکی دیموکراتین، ئازادین وڵاتێکین رێز لە کەمینە دەگرین. بۆ نموونە ئەگەر ئەمڕۆ تۆ هاتووی بۆ سوید بەم زووانە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕین، لە هەمووشی گرنگتر بە زمانی دایکی خۆت واتە کوردی دەتوانیت لە سوید قسە بکەیت و بخوێنی. لەگەڵ ئەوەی لە ئێران لەم ماوەیەدا مامۆستایەکیان گرت و کردیانە زیندان لەسەر زمانی کوردی، لەبەر ئەو جیاوازییەیە سوید مەترسییە بۆ ئەوان".
بڵاوکردنەوەی مەترسی و پڕوپاگەندە دەربارەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدایە سوید رێکارەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لەو پەتایە هەڵگرتووە و دۆخی ئەو پەتایە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە رووسیا و ئێران و چین بەیەکەوە و بە تایبەتیش ئێران هەوڵی درووستکردنی پشێوی لە وڵاتان دەدەن و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان.
رووسیا و چین و ئێران، لە یەک بەرەدا کۆبوونەوەتەوە، دوای دروستبوونی ناکۆکی رووسیا و ئۆکراینا، ناکۆکییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا قوڵتربووەتەوە، بۆیە بە چەندین شێواز بەرەنگاری یەکتر دەبنەوە، هێرشی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لەبارەی دۆخی تەندروستی سویدیش یەکێکە لەو کارە هاوبەشەیان.