فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده: ئێمه به داعش ده‌وره‌دراوین
مه‌زڵوم عه‌بدی: ئێمه له جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌مان كه‌مته‌رخه‌م بووین

K24- هه‌ولێر:
مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" هۆشداری له چالاكبوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعش له ناوچه‌كه ده‌دات و جه‌خت له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێكاری به‌په‌له ده‌كاته‌وه، به‌ر له‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه هه‌ژموونه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه.
له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتدپرێس، مه‌زڵوم عه‌بدی گوتی: "ئێمه به داعش ده‌وره‌دراوین و چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان گوتووه: كه ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش چڕنه‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وا دووباره هه‌ژموونه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌هێز ده‌بێته‌وه".
عه‌بدی دانی به‌وه‌شدا نا، كه به‌رپرسیارێتی هێرشه خوێناوییه‌كه‌ی مانگی رابردووی سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له حه‌سه‌كه له ئه‌ستۆی هه‌سه‌ده‌یه و گوتی: "ئێمه له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كه‌مان كه‌مته‌رخه‌م بووین، چونكه زانیاری هه‌واڵگریمان هه‌بوو، كه ئه‌وان به نیازی ئه‌نجامدانی هێرشن، هه‌رچه‌ند رێكاریشمان گرته‌به‌ر، به‌ڵام دواتر شكستمان هێنا".

مه‌زڵوم عه‌بدی دووپاتیكرده‌وه، "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌شێك له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و پێویسته به‌رپرسیارێتی هه‌زاران زیندانیكراو له گرتووخانه‌كان و ئه‌و كه‌مپانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن، له ئه‌ستۆ بگرێت، چونكه تا ئێستاش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌منییان لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران، هه‌سه‌ده رێكاری به‌په‌له‌ی ئه‌منیی بۆ له‌ناوبردنی شانه نووستووه‌كانی داعش گرته‌به‌ر، به‌ڵام داعش ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه له حاڵه‌تی یاخیبووندا هیچ نه‌رمی نواندنێك نییه".

مه‌زڵوم عه‌بدی روونیكرده‌وه، "له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێوشوێنه به‌په‌لانه‌دا، هه‌موو ئه‌و گرتووخانانه چۆڵ كران، كه به‌ربه‌سته ئه‌منییه‌كانیان لاواز بوون و پێشبینی په‌لاماری هاوشێوه‌ی گرتووخانه‌ی غوێران بۆ سه‌ریان ده‌كرا و زیندانییه‌كانی ناو ئه‌و گرتووخانانه گوازراونه‌ته‌وه، له هه‌مان كاتدا پرۆسه‌كانی كێوماڵكردن به‌رده‌وامن، هه‌روه‌ك مه‌ترسییه‌كانی هاتووچۆش به شه‌وان هه‌ر ماون".
سه‌ركرده‌ی هه‌سه‌ده جه‌ختیكرده‌وه، "سێ له‌و گرتووخانانه چۆڵكراون و زیندانییه‌كانی ناویان گوازراونه‌ته‌وه بۆ دامه‌زراوه‌كانی دیكه، كه دووانیان له نزیك سنووری توركیان، یه‌كێكی دیكه‌ش كه هاوشێوه‌ی گرتووخانه‌ی غوێرانه"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به شوێنه‌كه‌ی بكات.
عه‌بدی هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، كه وێڕای كوژرانی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لهاشمی ئه‌لقورشی، سه‌ركرده‌ی ئه‌و رێكخراوه، به‌ڵام هێشتا داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه په‌یڕه‌وی بنه‌مای لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كه‌ن و به‌گوێره‌ی دۆخی ناوچه‌كان تاكتیكی خۆیان ده‌گۆڕن.

ئاشكراشیكرد، "هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له ئۆپه‌راسیۆنی كوشتنی سه‌ركرده‌ی داعش هاوكاریی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای كردبوو، له رێگه‌ی ئاسانكاریكردن بۆ گواستنه‌وه‌ی پێداویستییه سه‌ربازی و لۆجستییه‌كان بۆ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا" و روونیكرده‌وه، "من ته‌نها ده‌توانم بڵێم: ئێمه ئاسایش و سه‌قامگیریمان بۆ هه‌موو ئه‌و هێزانه دابین كرد، كه له پرۆسه‌كه‌دا به‌شدار بوون".
H.B