فڕۆكه سیخوڕییه‌كانی ناتۆ گفتوگۆی ئه‌فسه‌ره رووسییه‌كانیان چنگكه‌وتووه
ئه‌مه‌ریكا پێشبینی واده‌ی داگیركردنی ئۆكرانیا ده‌كات له‌لایه‌ن رووسیا.. بڕیاره مه‌ترسیداره‌كه دراوه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
پسپۆرێكی هه‌واڵگری ناتۆ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا كردووه كه له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا فڕۆكه سیخوڕییه‌كانی ناتۆ و سوید پێكه‌وه چاودێری جوڵه‌ی سه‌ربازی رووسیایان كردووه، له‌نێو ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا، مه‌له‌فی ده‌نگی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه رووسییه‌كانیان چنگكه‌وتووه كه په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی تێدایه باس له گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ وڵاته‌كه‌یان.
به‌پێی راپۆرتێكی سكای نیوز ئه‌و فڕۆكانه‌ی ناتۆ و سوید به ئامێری وه‌رگرتنی زانیارییه‌كان رێكخراون بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی له رێگه‌ی نیشانه ئه‌لیكترۆنی و رادیۆییه‌كان له‌و ناوچانه‌ی كه چاودێری ده‌كه‌ن.
پرۆفیسۆر مارك ویستود سه‌رۆكی به‌شی فڕۆكه‌وانی له زانكۆی كرانفێلد به سكای نیوز-ی راگه‌یاندووه هه‌ندێك له فڕۆكه‌كانی ناتۆ توانیویانه به درێژای ئه‌و سنووره هاتووچۆ بكه‌ن كه سوپای رووسیای تێدا جێگیره و هه‌ندێك وێنه بگرن كه وێنه‌كان سێ دوورین.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن شیكه‌ره‌وانی هه‌واڵگری ده‌توانن فۆكس بخه‌نه سه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ی نێو فڕۆكه‌كان له‌و ناوچانه‌ی كه تێیدا سوڕاونه‌ته‌وه ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بنكه‌ی خۆیان، گوتیشی: "دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكردنی نێوان زانیاری فڕۆكه‌كان، تێكڕا كۆده‌كرێنه‌وه و ده‌نێردرێن بۆ پێگه‌ی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان تا زانیاری ده‌رباره‌ی جوڵه و توانای سه‌ربازی رووسیا بزانرێت".
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سكای نیوز شوێنی فڕۆكه‌كان هاوكاری دیاریكردنی ئه‌و شوێنانه‌یان كردووه كه ده‌وڵه‌تانی ناتۆ گرنگی پێده‌ده‌ن وێڕای دیاریكردنی شوێنی كه‌شتییه ده‌ریاییه‌كانی رووسیا.
ئه‌و فڕۆكانه‌ی ناتۆ له رێگه‌ی ئامێرێكه‌وه رێكخراون كه ده‌توانن ته‌واوی نیشانه نێردراوه‌كان كۆكه‌نه‌وه كه له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه ده‌نێردرێن بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كان و وه‌رگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سكای نیوز فرۆكه‌كانی ناتۆ له دوو بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی له لیتوانیا-ه‌وه فڕینیان ده‌ستپێكردووه، ده‌شڵێت: "فڕۆكه‌كانی سوید-یش توانیویانه 5 كاتژمێر به‌سه‌ر ناوچه‌ی ده‌ریای به‌لتیك و ده‌ریای باكووردا بسووڕێنه‌وه كه پێده‌چێت كه‌شتییه ده‌ریاییه روسییه‌كانی لێوه نزیك بێت".
به‌ڵام به‌پێی دۆگلاس باری كارمه‌ندی پێشكه‌وتووی بواری فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی له په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان سه‌رباز و خێزانه‌كان ده‌چێته خانه‌ی له‌ده‌مده‌رچوونی نێوان سه‌رباز و خێزانه‌كانیان نه‌ك كاری فه‌رمی، گوتیشی: "هه‌میشه سه‌ربازه‌كان په‌یوه‌ندی به یه‌كتره‌وه ده‌كه‌ن، یان سه‌رباز په‌یوه‌ندی به هاوڕێ كچه‌كه‌ی یان هاوڕێ كوڕه‌كه‌یه‌وه ده‌كات".
ئه‌و ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده به‌هۆی پرۆتۆكۆله‌وه رێگه به سه‌رباز نادرێت په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ خێزان و ماڵه‌وه‌ی بكات، به‌ڵام مرۆڤ به‌رده‌وام پابه‌ندنابێت به‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی نه‌كات، سرووشتی مرۆڤ وایه كه سه‌رباز بوو حه‌ز به‌وه ده‌كات په‌یوه‌ندی به خێزانه‌وه بكات".
له سۆنگه‌ی ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی دۆگلاس باری-یه‌وه، ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕی به‌و جۆره په‌یوه‌ندییانه نییه و پێیوایه زیاتر رووسیا بۆ به‌لاڕێدا بردن، به‌كاریده‌هێنێت.
هه‌ر بۆیه دوێنێ 11ی شویات (فێبرایه‌ری 2022) جاك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دووپاتیكرده‌وه كه داگیركردنی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن روسیاوه له‌دوای كۆتاییهاتنی ئۆڵمپیادی زستانه‌ی په‌كین- 2022 ده‌ستپێده‌كات كه ده‌كه‌وێته دوای 20 شوبات.
هه‌تا دوێنێ 11ی شوبات، جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هاوتا ئه‌وروپییه‌كانی ئاگاداركردۆته‌وه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه دوای 16ی شوبات پوتن بڕیاری هێرش بدات بۆ سه‌ر ئۆكرانیا.
سولیڤان به كۆنگره‌كه‌یدا له كۆشكی سپی دووپاتیكرده‌وه كه پێویسته هه‌موو هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی كه له ئۆكرانیا-ن له‌ماوه‌ی 24 بۆ 48 سه‌هاتی داهاتوو ئه‌و وڵاته جێهێڵن، گوتیشی: "نازانین چی رووده‌كات، به‌ڵام ده‌زانین ترسه‌كان له ئێستادا زیاتر بوونه".
سولیڤان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵێكی سه‌ربازی ده‌ده‌ن بۆ ده‌ربازكردنی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی له ئۆكرانیای گه‌مارۆدراودا.
هه‌روه‌ها چه‌ند ساتێك به‌ر له كۆنگره‌كه‌ی سولیڤان، په‌یامنێری كاروباری ده‌ره‌وه و به‌رگری له PBS نیوزهاوه‌ر، رایگه‌یاند كه ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیای داوه و هێزه‌كانی ئاگاداركردۆته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕیاره.